دەم پارتی بەبۆنەی جەژنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی گەلانی کرد

هاوسەرۆکانی دەم پارتی پەیامێکی پیرۆزبایان بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "ئێمە سپاسی گەلانمان دەکەین کە سەربازی گوشار و زۆرداریش خۆڕاگرییان کرد و دوو جەژنیان پیرۆزکرد".

هاوسەرۆکایەتی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) تولای هاتیمئۆغوڵاری و تونجەر باقرخان بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا هاوسەرۆکان هیوایان خواستووە کە جەژنی رەمەزا ببێتە مایەی ئاشتی.

پەیامەکەی هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی بەم جۆرەیە:

"جەژنی رەمەزان لە سەرجەم جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین، هیوادارین ببێتە مایەی چەسپاندنی دادپەروەری، ئازادی، ئاشتی و خێر و خۆشی.

قۆناغی هەڵبژاردنی ئەم دواییە بە ئێمەی نیشاندا کە گەلانی تورکیا ئیتر ژیانێکی یەکسان و  دادپەروەرانەیان دەوێت، شەڕ و پێکدادان و چەوساندنەوەیان ناوێت.

ئێمە پێکەوە هیواکانمان گەورەکرد. بڕوامان وایە کە هاوپشتی و پێکەوەبوونمان لە قۆناغی بەردەممان زیاتر پێشدەکەوێت.

بەم بۆنەوە سپاسی هەموو گەلەکەمان دەکەین کە لە دژی ستەم و زۆرداری خۆڕاگرییان کرد و پەرەیان بە تێکۆشانی ئازادیدا و جەژنەکەمانیان کردە دوو جەژن، ئێمە سپاسی رەنجدەران و خەباتکارانی پارتەکەمان دەکەین کە شەو و رۆژیان خستە سەریەک و تێکۆشان، سپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە لە سەر سندووقەکان وەستان و پارێزگارییان لە ئیرادەی هەموومان کرد و هەموو فرت و فێڵەکانیان پوچەڵکردەوە.

جەژنی رەمەزان پیرۆز دەکەین، هیوا و ئامانجمان ئەوەیە کە تێکۆشانی ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەمان و لە چوار لای جیهان بگاتە سەرکەوتن و سەرفرازی".

هـ . ب