دەسەڵاتداریی ئێران شەش لە بەشداربووانی مانگرتنی گشتی دەستبەسەر کرد

ڕاگەیاندرا لە دوای بەشداربوونیان لە مانگرتنی گشتییدا دەسەڵاتدارانی ئێران شەش کاسبکاری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مانگرتنی گشتیی بەڕێوەچوو. دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەردەوامی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا، شەش هاوڵاتی کوردی خەڵکی سنە دەستبەسەرکران، ئەو هاوڵاتییانە بەشداربووی مانگرتنی گشتییەکە بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئاشکرای کرد، ڕۆژی چوارشەمە شەش هاوڵاتی کورد خەڵکی سنە کە کاسبکارن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکران، کە بەشدارییان لە مانگرتنی گشتیی کردووە.

ئەو سەچاوەیە ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا کردووە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بریتین لە؛ محەمەد سەیفپەناهی، سینا ڕەزایی، ئەمجەد گریاخیز، نەعیم دووستی، ئومێد محەمەدی و محەمەد ئەتڵەسی.