بە دیمەن

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ئەوروپا شەرمەزارکرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزارکرد و بانگەوازیان کرد بۆ خاوەندارێتی لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان و کوردستان.

شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکان

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە چەند شارێکی ئەوروپا بە گردبوونەوە شەرمەزارکرا.

مانهایم

دەیان کوردستانی و دۆستەکانیان لەسەر بانگەوازی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) کۆبوونەوە و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "دیکتاتۆر/بکوژ ئەردۆگان" یان بەرزکردەوە.

لە گردبوونەوەکەدا ڕاگەیاندراوی کەجەدەکە-ئە خوێنرایەوە، پاشان نوێنەری پارتی مارکسیست-لینینیستی ئەڵمانیا قسەی کرد، تیشکی خستەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ڕۆڵی هاوکاری پەدەکەی شەرمەزارکرد، هەروەها ڕەخنەی لە بێدەنگی میدیاکان کرد بەرامبەر هێرشەکان و داوای کرد ئەم پرسە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە.

دویسبۆرگ

کوردستانیان و دۆستەکانیان لەسەر بانگەوازی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک (دەکتەم) گردبوونەوە و هێرشەکانیان شەرمەزارکرد.

لە گردبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا ئەردۆگانی فاشیست دەیەوێت بە سەردانەکەی بۆ عێراق داخوازییەکانی بەسەر هێزەکان و بەتایبەت پەدەکەدا بسەپێنێت، هەروەها حکومەتی عێراق بکاتە هاوکار لە هێرشی داگیرکاری.

لە چالاکییەکەدا خیانەتی پەدەکە شەرمەزارکرا و گوترا: "ببنە قەڵغانی گەریلا و دەسەڵاتی فاشیست بڕوخێنن".

بێرن

لە شاری بێرنی سویسرا ئۆپەراسیۆنی داگیرکار دەوڵەتی تورک بە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و چالاکی دانیشتن شەرمەزارکرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان، هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی بێرن، بورهان کاراکۆچ قسەی کرد، داوای لە ڕای گشتی ئەوروپا کرد دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرن.

سیاسەتمەدار فەرهاد ئەنجو ڕایگەیاند ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ بەغدا و هەولێر بۆ ئەوەیە پەدەکە و حکومەتی بەغدا هاوکاری بکەن لە هێرشکردنە سەر چیاکانی کوردستان و لەناوبردنی گەلی کورد. دووپاتی کردەوە، بەڵام تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت.

لەسەر ناوی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان، سەعادەت سورەر ڕایگەیاند هەرگیز گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەتەنها جێناهێڵن و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر هاوکاری بنەماڵەی بارزانی بۆ دەوڵەتی تورک.

پاشان کوردستانیان چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا و بە بەرزکردنەوەی درووشمەکان هێرشە داگیرکارییەکانیان شەرمەزار کرد.

بەرلین

کوردستانیان و دۆستەکانیان بە پێشەنگایەتی مەجلیسی ژنانی دەست دان و مەجلیسی ناڤ-بەرلین کۆبوونەوە و شەهیدانی ئازادی کوردستانیان بیرهێنایەوە.

لە چالاکییەکەدا ئاماژە بەوە کرا دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە و بە فڕۆکەی شەڕ و هەلیکۆپتەر و تۆپ لە مەتینا دەستی بە هەوڵی داگیرکاری کردووە، ڕایانگەیاند لە هەموو جێگەیەک دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی ڕیسوا دەکەین و بێدەنگی دەوڵەتانی ئەوروپا شەرمەزار دەکەین.

لە چالاکییەکەدا درووشمی "بمرێ خیانەت" و "زاپ، ئاڤاشین، مەتینا، بەرخۆدانی گەریلا" بەرزکرایەوە.

پاریس

لە گەڕەکی ئێڤری لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چالاکیەک ئەنجامدرا، کوردستانیان بە پێشەنگایەتی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد کۆبوونەوە و ڕێپێوانیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکدا سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا و هاوکاری پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورک شەرمەزارکرا.