دژى بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجامدرا
هاووڵاتیانی عێراقی لە بەغدای پایتەخت دژى بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار و گرانبوونی بازار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
هاووڵاتیانی عێراقی لە بەغدای پایتەخت دژى بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار و گرانبوونی بازار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
دوای ئەوەی ئەمریكا ١٤ بانكی عێراقی سزادا بە تۆمەتی هەناردەكردنی دۆلار بۆ ئێران، رۆژ بە رۆژ بەهای دینار دادەبەزێت، ئەمەش وایکرد دوای نێوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر لە بەردەم باڵەخانەی بانکی ناوەندیی عێراق لە بەغدا گردبوونەوە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەرزبونەوەی بەھای دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە دینارى عێراقى ئەنجام بدەن.
جێگای باسە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا دابەزینی زیاترى تۆمارکرد، بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار لە سەروى ١٥٧ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت ئەمەش ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەری لە بەغداد ھێنایە سەر شەقام و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکەیان لە بەردەم باڵەخانەی بانکی ناوەندیی عێراق گردبونەوە.
لە خۆپیشاندانەکەدا خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەت کرد، رێوشوێنی پێویست بۆ دابەزینی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلار بگرێتەبەر و وەک خۆیان رایانگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلار کاریگەری زۆری لەسەر بژێوی ژیانیان دروست کردوە.
لەگەڵ ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق تا ئێستا ژمارەیەک رێوشوێنی بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی گرتوەتەبەر، بەڵام ھێشتا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕوو لە بەرزبونەوەیە.