فەرماندەیی یەرەکە ئارگەش هەورامانی بیرهێنایەوە

فەرماندەیی یەرەکە بە پەیامێک شەهید ئارگەش هەورامانی بیرهێنایەوە و گوتی: "ئێمە تا دوایی پێوەرەکانی شەهید ئارگەش بەبنەما دەگرین".

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) بە پەیامێک شەهید ئارگەش هەورامانی بیرهێنایەوە کە ٢٢ ی ئاداری ٢٠٢٥ لە هەرێمی خواکوڕک شەهیدبوو.

پەیامی یەرەکە بەم جۆرەیە:

"سەرەتا وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیستنی شەهیدبوونی شەهید ئارگەش هەورامان زۆر خەمگین بووین و هاوبەشی خەمی گەلی هەورامانین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هاوڕێ ئارگەش هەورامان دەکەین.

هەڤاڵمان ئارگەش هەورامان بەو هەستەوە دەژیا کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە گەریلاکانی ناسیوە و تا کۆتایی بەو هەستەوە ژیاوە. ئەو هەستەی لەبیر نەکرد و بە پێچەوانەوە وەک گەریلایەکی دڵسۆزی هێڵی ئاپۆیی، هەمیشە لە کەسێتی خۆیدا ئەم هەستەی مەزنتر کرد و ئەزموونی کرد.

شەهید ئارگەش نزیکەی ١٠ ساڵ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کار و خەباتی کرد، جێگەی خۆی لە دڵی هەمووان کردەوە، فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆی بە هەمووان گەیاند. بەبێ وچان شەو و ڕۆژ کاری کرد، عاشقی ژیانی گەریلایەتی بوو، هەردەم لە شوێنە زەحمەتەکان گەریلایەتی دەکرد.

شەهید ئارگەش خاوەن تایبەتمەندییەکی فیداکار و ڕەنجدەر بوو، سادە و خاکەڕا بوو. بەو کەلتوورەی لە ماڵبات و هەرێمی هەورامانەوە دەستی کەوتبوو، بە ناسینی ڕێبەر ئاپۆ، هەردەم وەک دەروێشێک ژیانی کرد و لە هەلومەرجی هەرە سەختدا بە مەعنەوییەتێکی بەرزەوە ژیانی کرد و باوەڕی بەمە بوو.

ئێمە زۆر باش دەزانین هەمووان بە بیستنی شەهیدبوونی شەهید ئارگەش زۆر خەمگین بوون. وەک هەڤاڵانی شەهید ئارگەش هەورامان، تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرزڕاگرتنی ئەو پێوەرانەی کە شەهید ئارگەش بەبنەمای گرتووە و لە ناو خۆیدا پەرەی پێ داوە. ڕەنجی بێوێنە و عەشقی بێکۆتایی شەهید ئارگەش هەورامان بۆ ژیانی گەریلا، لەنێو ڕیزەکانی ئێمە هەرگیز لەیادناکرێت. تاکۆتایی خاوەنداری لێ دەکەین و شایستەی دەبین.

لەسەر ئەم بناغەیە دیسانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڤاڵ ئارگەش هەورامان و هەموو هەرێمی وڵاتپارێزی هەورامان دەکەین. تا کۆتایی شوێنکەوتەی هێڵی شەهیدان دەبین و هەرگیز کەسێتی لەم جۆرە لە ڕیزەکانی ئێمەدا لەیاد ناکرێن".