پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو، ١ ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکارانی لە تەواوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و ئێران و جیهان و ڕێبەر و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز کرد. پەیوەست بە ڕەوشی کارەساتباری کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوتی: "بێگومان هەموومان بە یەکگرتن و هاوپشتی دەتوانین تێکۆشانی ڕەوا و دیموکراتیک و ئازادیخوازانە بگەیەنین بە لوتکە".
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:
" ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ڕۆژێکە بۆ ئاهەنگگێڕانە بە تێکۆشانی شکۆمەندانە بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک. ڕۆژێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و دڕندەیی سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێرنیتە وێرانکەرەکەی.
ڕۆژی کرێکاران نەک تەنها بۆ کرێکاران، بەڵکوو بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش ڕۆژی یەکگرتن و هاوپشتییە، بە ئامانجی پێشخستنی تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ب دژی چەوساندنەوە و ستەمکاریی سیستەمی دەسەڵاتە دەوڵەتپارێزەکان. ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، ئاهەنگێک نییە بۆ بوون بە کرێکار و گۆڕینی بۆ کۆیلەیەکی مۆدێرن، بەڵکو ئاهەنگێکە بۆ ڕزگاربوون لە هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی سیستەم و دەوڵەتەکان کە بە سیمایەکی لیبڕاڵییەوە هەموو شتێکیان قۆرخکردووە و تەواوی کۆمەڵگە و بەتایبەت کرێکارانیان ڕووبەڕووی هەژارییەکی زیاتر کردووەتەوە. لەم ڕۆژەدا، زەحمەتکێشان ئەرکە ئەخلاقی و سیاسی و ڕۆشنگەرییەکان بەبیری هەموو تاکێکی ستەملێکراوی کۆمەڵگەدا دەهێننەوە. تا ئەوکاتەی لەسایەی ئەم سیستەمە باڵادەستانەدا کار وەک ئامرازێکی چەوساندنەوە و گۆڕینی مرۆڤ بۆ کۆیلەی مۆدێرن بەکاردێت، تێکۆشانی دیموکراتیکی کرێکاران لەگەڵ چینەکانی کۆمەڵگە بەردەوام دەبێت. بێگومان لەم تێکۆشانەدا کرێکاران تەنها نین، پێویستە ژنان و گەنجان لە ڕیزەکانی پێشەوە بن تاوەکو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بنیات دەنێن.
هەروەها کرێکاران هێزێکن کە دەتوانن ببنە پارێزەری ژینگە، بەڵام ئەمە بەبێ ئازادی خۆیان، ئەم ئەرکە بەجێ نایەت. سیستەمی کار و چەوساندنەوە کە ئەمڕۆ لە وڵاتاندا هەیە، بە شێوەیەک داڕێژراوە کە زیانێکی زۆر بە مرۆڤ و ژینگە دەگەیەنێت. بۆیە گەڕاندنەوەی مافی و ئازادیی کرێکاران، واتای ئازادکردنی ژینگە و ڕزگارکردنێتی لە لەناوچوون.
بێگومان بەشی زۆری کرێکاران لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا ژنانن، کە ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی توندی ڕەگەزی دەبنەوە و کۆیلایەتییان لە کۆیلایەتی پیاوان توندترە. لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا چینی ژنانی کرێکار زۆرترین ستەمی لێدەکرێت. کۆمەڵگایەکی نایەکسانی لەم شێوەیە بێ گومان کۆمەڵگایەکە کە هەمیشە تووشی سەرکوت و مافخواردن و شەڕ و وێرانکاریی دەبێت. ڕێگای ڕێگریکردن لە بەردەوامیی ئەم ڕەوشە کارەساتبارە، ڕێکخستنی تێکۆشانی ڕۆژانەیە لە هەموو بوارەکاندا، لە شەقامەوە تا شوێنی کار. ئەمڕۆ کە تەنانەت هەموو سەندیکاکانی کرێکاران لە لایەن خاوەنکارەکان و خودی دەوڵەتەکانەوە قۆرخ کراون، چۆن بوار بۆ هەناسەدانی ئازاد هەیە؟ بەرهەمی ڕەنجی کرێکاران ئەمڕۆ لە لایەن دەوڵەتەکانەوە تاڵان دەکرێت و بۆ سوپای ملیۆنی و شەڕ و کۆمەڵکوژی خەرج دەکرێت. کۆمەڵگایەکی مرۆیی لەم جۆرە مەحکومە بە فەنابوون و دەبێت بێ درەنگکەوتن، بە مەزنکردنی تێکۆشانی دیموکراتیک، ڕێگای دەربازبوون و ڕزگاربوون بدۆزێتەوە.
گەلی کورد ئەمڕۆ لە چنگی دەوڵەت_نەتەوەییەکاندایە کە هەر تاکێکی کورد وەک کرێکاری هەرزان بۆ چەوساندنەوە بەکاردەهێنن. گەلێکی لەم جۆرە، کە پێویستی بە ڕزگارکردنی خۆی هەیە لە کۆمەڵکوژی جەستەیی و کەلتووری، دەبێت ڕزگاری کرێکاران و ڕزگارکردنی کۆمەڵگا وەک بزوێنەری پێشکەوتن بەکاربهێنێت. هەموو قەیرانەکان، لە ژێر ناونیشانی هەڵاوسان و داڕمانی ئابووری، هەژاری، بێکاری، برسێتی و بەرهەمهێنانی قازانجخوازانە لە سیستەمی ئێرانی ئەمڕۆدا، کارەساتێکی مەزنە بۆ تەواوی گەلان و هەموو چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئەم ڕەوشە مەترسیدارەی ئەمڕۆ خەریکە شەڕ و وێرانکارییەکی ترسناکی لێ دەکەوێتەوە کە پێش هەموو کەسێک کرێکاران پەلکێش دەکات بۆ چارەنووسێکی تاریک.
ساڵانە هەزاران گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ داوای مافی بژێوی بەڕێوە دەچێت. ئەمەش ڕەوشی نالەباری کرێکاران پیشان دەدات، بەڵام ڕاستییەکی دیکەش دەردەخات، ئەویش درێژەدانە بە تێکۆشانی دیموکراتیک. پێویستە ئەم شێوازە دروستەی تێکۆشان بەردەوام بێت. هەر ئەم ڕۆحی درێژەدان بە تێکۆشانە کە بەڵێنی ئازادی ڕاستەقینە لە داهاتوودا دەڕەخسێنێت.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانی لە تەواوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و ئێران و جیهان و ڕێبەر و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆزدەکات. هەروەها یادی شەهیدانی کۆمیتەی چاپەمەنی پەژاک لە ١ی ئایاری ٢٠٠٨ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی کرێکاران، بەرزڕادەگرێت. بێگومان هەموومان بە یەکگرتن و هاوپشتی دەتوانین تێکۆشانی ڕەوا و دیموکراتیک و ئازادیخوازانە بگەیەنین بە لوتکە. بانگەواز لە هەموو گەلی کورد بە تایبەت کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان و ڕۆشنبیران و چالاکوانان دەکەین کە لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا تێکۆشانی بێوچانیان فراوانتر بکەن و چالاکییەکانیان لەسەر بنەمای 'ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد' بگەیەننە لوتکە. هەبوونی هەموو کرێکاران و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە گۆڕەپانەکاندا تاکە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسییە. تاوەکو ئازادی چینی کرێکار لەگەڵ ئازادی هەموو کۆمەڵگا مسۆگەر بکرێت".