فواد ئۆکتایی ئاکەپەیی سەردانی ئۆندەری کرد

فواد ئۆکتای پەڕلەمانتاری ئاکەپە لە سەردانەکەیدا بۆلای ئۆندەر گوتی: "قۆناغی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆییە. پێویستە وەک یەک و پێکەوە هەنگاوبنێین."

پەڕلەمانتاری ئەنقەرەی ئاکەپە فواد ئۆکتای بە مەبەستی ئەحواڵپرسی سەردانی ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و جێگری سەرۆک پەڕلەمانی تورکیا، سری سورەیا ئۆندەری کرد، کە لە نەخۆشخانەی فلۆرەنس نایتینجلی ئەستەنبوڵ لە ژێرچاودیری چڕی پزیشکیدایە.

لە دوای سەردانەکە ئۆکتای وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و سەرنجی خستەسەر سەردانەکەی بۆ لایی ئۆندەر و گوتی: "ڕوحی یەکێتی، پێکەوەبوون و یەکگرتوویی لێردا زۆر گرنگە. لێرە لە کەسێتی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەردا نموونەی تورکیایەکی یەکگرتوو دەبینین."

ئۆکتای دەربارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد ئاماژەی بەوەدا لەو باوەڕدان پرۆسەکە بەئەنجام دەگات و بووە بە قۆناغی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی تورکیا، قۆناغەکە پێویستی بە کاری پێکەوەییە.