بە دیمەن

لە کەرکوک هەڵمەتێک بۆ چاندنی هەزار نەمام دەستیپێکرد

لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان لەژێر درووشمی "ماڵەکەت سەوزبکە" لە چوارچێوەیی هەڵمەتێکی ژینگەییدا بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی شارەکە هەڵمەتی چاندنی زیاتر لە هەزار نەمام دەستیپێکرد.

لە گەرەکی دۆمیز لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە نوێنەرایەتی "تیمی نیشتیمانی لاوان بۆ گۆڕانی کەش و هەوا"، بەهاوکاری (ئەنجوومەنی باڵای لاوان) سەر بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەهاوکاری پارێزگاری کەرکوک، لەگەڵ گەنجانی خۆبەخشی شارەکە، لەژێر درووشمی "ماڵەکەت سەوزبکە" هەستان بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی ژینگەیی بۆ چاندنی زیاتر لە هەزار نەمام لە کەرکوک.

هەڵمەتەکە بۆ هاوسەنگی ڕاگرتنی شاری کەرکووکە، کە بەهۆیی وشکەساڵی و پشتگوێخستنی چەند ساڵەی ژینگەی شارەکە لە لە لایەن ئیدارەی پارێزگایی پێشووی کەرکووکەوە، ڕێژەی سەوزیی لە شارەکەدا لە خوار پێوەرە ژینگەیەکانەوەیە.

'رێژەی سەوازیی کەرکوک لە سەدا یەک کەمترە'

ئەندازیار شاهۆ نوری ڕێکخەری چالاکییەکە و سەرۆکی تیمی نیشتیمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، سەبارەت بە هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گوتی: "وەکو 'تیمی نیشتیمانی لاوان بۆ گۆڕانی کەش و هەوا' هەستاین بە هەڵمەتێک بۆ چاندنی زیاتر لە هەزار نەمام لە شاری کەرکوک، ئەم هەڵمەتە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، رۆژی یەکەم لەم پارکەی گەرەکی دۆمیز ژمارەیەکی زۆر لە نەمام دەچێنین هەروەها سبەی شەممە دەست دەکەین بە بەشی دووەمی هەڵمەتەکە کە لەبەر دەرگای ماڵانی  دەچێن لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی لەژێر ناونیشانی "مالەکەت سەوز بکە"، تیمەکەی ئێمە سەر بە سەرۆک وەزیرانی عێراقە، شاری کەرکوکیش پێویستی بەم هەڵمەتە بوو، چونکە رێژەی سەوزایی لەم شارەکە کەمترە لە سەدا یەک کە بەدیاری کراوی رێژەی سەوزایی لە شاری کەرکوک".

'هەڵمەتی نەمام چاندن سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە'

ئیڤان هیوا ژنێکی گەنجی خۆبەخشی "تیمی نیشتمانی لاوان بۆ گۆڕینی کەش و هەوا"، سەبارەت بە بەشداری کردنیان لەم چالاکییەدا وەکو کچێکی خۆبەخش، بەم شێوەیە دوا: "ئێمە وەکو "تیمی نشتیمانی لاوان بۆ گۆڕانی کەش و هەوا" کە گروپێکی خۆبەخشین، ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆمان سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، ئێمەش لە شاری کەرکوک هەستاوین بەم هەڵمەتە کە تیدا هەزار نەمام لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکە دەچێنین، چونکە ڕێژەی سەوزایی لە شاری کەرکوک بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمە، بەم هەڵمەتە بتوانین گۆڕانکارییەکی بچووکیش بێت لە ڕێژەی سەوزایی لە کەرکوک پێویستە بیکەین، زیادکردنی ڕێژەی سەوازیی کاریگەری دەبێت لەسەر کەشوهەوای تەواوی عێراق بەگشتی چونکە ئەم هەڵمەتە سەرتاسەری ووڵاتی گرتۆتەوە، هەروەها پرۆژەکەمان دوو رۆژ دەخایەنێت کە تیدا هەزار نەمام دەچێنین".

'پێویستە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بەشدار بێت لە پاراستنی ژینگە'

هەروەها ئیڤان هیوا باسی لەوەکرد کە پێویستە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا رۆڵی بگێڕن لە باشترکردن و پاراستنی ژینگەو گووتی: "ئەرکی هەموومانە وەکو هەر تاکێکی کۆمەڵگا هەستین بە گۆڕانکاری لە ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە لەپێناو پاراستنی شارەکەمان لە گۆڕانی کەشوهەوا چونکە لەئیستادا گۆڕانکاری کەشوهەوا بۆتە کێشەیەکی جیهانی و دەبێت هەر یەکێک لە ئێمە لەلای خۆیەوە بە هەنگاوی بچووک بەرەو پاراستنی ژینگە دەست پێبکات، ئەگەر تەنها چاندنی نەمامێک بێت لەبەردەم دەرگای خۆتەوە بچێنیت ئەوە تۆ هەستاویت بە ئەنجامدانی بچووکترین کار کە خزمەت بە کەشوهەوا و ژینگە دەکات".

'هەڵمەتانی زیادکردنی سەوزایی بۆ شاری کەرکوک زۆر پێویستە'

لەلایەکی دیکەوە، هەڵکەوت سابر محەمەد، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی "تیمی نیشتمانی لاوان بۆ گۆڕینی کەش و هەوا"، سەبارەت بە هەڵمەتی چاندنی هەزار نەمام لە کەرکوک، ڕایگەیاند: "ئەم هەڵمەتی نەمام چاندنە لە سەرتاسەری عێراق دەستیپێکردووە، ئەم تیمە لە هەر ١٨ پارێزگاکەی عێراق تیمی هەیە، ئەمڕۆ ئەم هەڵمەتەمان دەستپێکرد کە زیاتر لە هەزار نەمام دەچێنین لەناو پارێزگای کەرکوک، لای هەمووان ئاشکرایە کە کەرکوک بەراورد بە ڕووبەری پارێزگاکە ڕێژەی سەوزایی زۆر کەمە، ئەم جۆرە هەڵمەتە جۆرییانە هاوکار دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لەم شارە، وەکوو دەزانن لە ئاستی جیهانیدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری مەترسیدار لە کەشوهەوا دەبینەوە، جیهان هەمووی پیسبوونی کەشوهەوایی هەیە، ئەم جۆرە هەڵمەتانە زۆر پێویستە لەسەر ئاستی شاری کەرکوک".

'پرۆژەی دارستانی کەرکوک جێگای خۆشحاڵییە'

هەروەها مامۆستا هەڵکەوت سابر ووتیشی: "سەڕەڕای ئەوەی پارێزگاری کەرکوک هاوکارمانە لەم هەڵمەتە، هەروەها جێگای خۆشحاڵییە کە پرۆژەی دارستانی کەرکوکی و کردنەوەی چەند پارکێکی بەمەبەستی زیادکردنی درەخت لە شارەکە ڕاگەیاند، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی کەشوهەوا لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

'هەڵمەتی دیکەی ژینگەیی و سەوزکردنی شارمان دەبێت'

لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو ووتی: "ئەگەر بێت و ئەم هەڵمەتانە بەردەوام بێت ئێمە تیمی خۆبەخشی گۆڕانکاری کەشوهەوای کەرکوک، هەڵمەتێکی دیکەمان هەبووە لە زانکۆی کەرکوک، کۆلێژی ئەندازیاری، لە قوتابخانەکانی کەرکوک، هەڵمەتی دیکەی دەبێت بۆ چاندنی نەمام و پاککردنەوەی شارەکە، هەڵمەتەکەی ئەمڕۆمان دوو رۆژ دەخایەنێت و لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمان بە دروشمی "سەوزایی کردنی نشتیمانی" بەشی دووەمیشی بە دروشمی "ماڵەکەت سەوز بکە"، لەم هەڵمەتەشدا دەستدەکەین بە دابەشکردنی نەمام بەسەر ماڵەکان و ڕێنەماییشیان دەکەین کە ئاگایان لەو دارانە بێت و بیپارێزن و هاوکاربن بۆ زیادکردنی سەوزایی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک".