ڕێگە نەدرا بنەماڵەی شەنیاشار بچنە نێو باڵەخانەی وەزارەتی داد

دەسەڵاتی تورک ڕێگەی نەدا بنەماڵەی شەنیاشار بچنە نێو باڵەخانەی وەزارەتی داد و چاویان بە وەزیر بکەوێت.

خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژران. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کرد، ئێستەش چالاکییەکە لە ئەنقەرە بەردەوامە.

ئەمڕۆ بنەماڵەکە لە بەردەم پەرلەمانەوە ڕوویانکردە باڵەخانەی وەزارەتی داد تا چاویان بە وەزیر بکەوێت، پاش تێپەڕاندنی بەربەستی پۆلیس، بەرپرسانی وەزارەت نەیانهێشت بچنە نێو باڵەخانەی وەزارەت و چاویان بە وەزیر بکەوێت.