گەلی وان دیسانەوە ڕژایە شەقامەکان، لە چەند شارێک چالاکی ئەنجامدرا

گەلی وان پاش بەربانگ دژی کودەتاکەی ئاکەپە ڕژانەوە شەقامەکان، لە چەند شارێکی تورکیا و کوردستان ناڕەزایەتی پیشاندرا بەرامبەر زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان.

پاش ئەوەی بە "بڕیار"ی ئاکەپە مافی دەستبەکاربوونی هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی وان عەبدوڵا زەیدان زەوتکرا، لە وان ناڕەزایەتی دەستی پێ کرد. ناڕەزایەتییەکان لەپاش بەربانگەوە بەردەوامن. لە چەند شارێک بڕیارەکە شەرمەزارکرا.

گەنجان لە شەقامەکانی جمهورییەت و مەرەش و ئاکۆپرو ئاگریان کردەوە و درووشمیان بەرزکردەوە، لە چەند جێگەیەکی شارەکە پێکدادان و هێرشی پۆلیس بەردەوامە.

ئەدەنە

ڕێکخستنی دەم پارتی ئەدەنە بەم بۆنەیەوە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەست.

تێیدا دووپاتکرایەوە ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل پرەنسیپی سەرەکی دیموکراسییە، هۆشداری درایە کودەتاچییەکان هەرگیز گەل کودەتای سیاسی قبووڵ ناکات.

پاشان بۆ ماوەیەک چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا، هاوڵاتیان ویستیان بگەڕێنەوە بۆ بینای دەم پارتی بەڵام پۆلیس ڕێگری لێ کردن و هێرشی کردە سەریان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە سەیفەدین ئایدەمیر و چەند کەسی تر برینداربوون و برانە نەخۆشخانە.

مێرسین

ڕێکخستنی دەم پارتی مێرسین، پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی مێرسین بە ڕاگەیاندراوێک زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وانیان شەرمەزار کرد، لە چالاکییەکەدا درووشم و پانکارتەکان دژی زەوتکردنی ئیرادەی گەل بەرزکرانەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە ئەمە تەنها هێرشێک نییە بۆ سەر عەبدوڵا زەیدان، بەڵکو دژی ئیرادەی گەلە،  جەختکرایەوە هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و دیموکراتیک دژی بڕیارە ناڕەواکە دەگرنەبەر، بانگەواز لە هەمووان کرا دژی کارە نادیموکراتیکەکان دەنگ هەڵبڕن و تێبکۆشن.

پاشان جەماوەر سەرەڕای ئاستەنگی پۆلیس بە درووشم و چەپڵە بەرەو بینای دەم پارتی ڕێپێوانیان کرد.

هاتای

ڕێکخستنەکانی دەم پارتی لە هاتای و ناوچەی ئەسکەندەرونە بە ڕاگەیاندراوێک زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وانیان شەرمەزار کرد. گوترا: "پێوستە دەسەڵات ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرێت".

ڕحا

نووسینگەی ڕحای کۆمەڵەی مافناسان ۆ ئازادی (ئۆهەدە) ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی جورنەڕەش، دەم پارتی پاش ٤٥ ساڵ لە ٣١ ی ئادار بە جیاوازی ٥٢١ دەنگ شارەوانییەکەی بردەوە. بەهۆی تانەدان لە ١٥ سندووق کە هەندێکیان لەلایەن ئاکەپەییەکانەوە سوتێنران، لیژنەی هەڵبژاردن بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دا. ئۆهەدە ڕایگەیاند ئەم بڕیارە بەرهەمی زیهنیەتی قەیومە و زیهنیەتی قەیوم قبووڵ ناکەن.

جولەمێرگ

لە جولەمێرگ گەل ڕژایە گۆڕەپانەکان و چالاکی ئەنجامدا. هەزاران کەس لە ناوەندی شارەکە کۆبوونەوە و درووشمیان دژی کودەتاکە بەرزکردەوە. چالاکییەکان لە ناوەندی شارەکە و گەڕەک و شەقامەکان بەردەوامە.

گەلی جولەمێرگ بە یاری ئاگرین وەڵامی هێرشی پۆلیس و سەربازەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست دەدەنەوە.