گەنجانی کورد لە شتوتگارت بۆ ئازادیی ئۆجالان چالاکییان ئەنجامدا

چالاکوانانی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆبوونەوە و پۆستەریان هەڵواسی و لە ناو ترێنەکاندا چالاکییان ئەنجامدا.

گەنجان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "لە دژی گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری پێکەوە راپەڕین" لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا ٢ چالاکییان ئەنجامدا. چالاکیی یەکەم لە ترێنەکانی ناو شاردا بوو، کە گەنجان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئاڵایان هەڵدا.

گەنجان لە ناو ترێنەکاندا راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و داواکانی خۆیان خوێندەوە و لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک دروشمیان وتەوە.

هەروەها گەنجان پۆستەرییان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زۆرێک لە شوێنە گشتییەکانی شاری شتوتگارتدا هەڵواسی.

چالاکوانانی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ لە دژی دەوڵەتی تورک و هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە راگەیاندراویان خوێندنەوە.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا داوایان لە هەموان کرد، کە بەشداری لە رێپێوانی ٥ی کانوونی یەکەمدا بکەن، کە لە شاری شتوتگارت بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت