سەبارەت بە نوێکردنەوەی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز، وتەبێژی هەدەپە، ئەبرو گونای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست لە بارەگای کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی پارتەکە.
ئەبرو گونای ئاماژەی بەوە کرد، پاش هەڵبژاردن لەپێناو نرخاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پرۆسەکانی گۆڕان و نوێبوونەوە، کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی فراوان و نرخاندنی چڕ ئەنجام دەدەن.
ئەبرو گوتی دەستیانکردووە بە قۆناغی کۆبوونەوەی مەجلیسی پارتەکە و مەجلیسی ژنان و هاوسەرۆکی شارەکان و دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی و دەستەی ئیدارە خۆجێیەکان، گوتی: "دوو هەفتەیە لە گوند و شارەکان لەگەڵ ڕێکخستنەکانمان لە گفتوگۆداین، ئێستەش دەگەینە قۆناغی دووەمی نوێکردنەوە و گۆڕان و ڕێکخستن، لەمڕۆوە تا ٢٥ تەمموز، لە ٨ هەرێم کۆبوونەوەی جەماوەری فراوان ئەنجام دەدەین".
گونای جەختیکردەوە، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بوونەتە هۆی چەندین قەیرانی فرەلایەن کە چارەسەر هەڵناگرن و جڤاک تەنگەتاو دەکەن، ڕایگەیاند لە تورک هەر کەسێک وەک حکومەت بیرنەکاتەوە، دەکرێتە ئامانج و گوتی: "حکومەت دەریخست، دوژمنی گەلە، دوژمنی کوردە، دوژمنی ژنە".
وتەبێژی هەدەپە، ئەبرو گونای ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری سەر ئیمراڵی و گوتی: "تاوەکو باس لە داڕمان و قەیران نەکرێت، فشار و هێرشەکان زیاتر دەکرێن؛ گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان شوێنی لەنێو جڤاک و دیموکراسییدا نابێتەوە، خەریکە دەسەپێنرێت بەسەر هەموو جڤاکدا. مەردان یانارداغ هەر هێندە باسی گۆشەگیری و یاسا نێودەوڵەتییەکانی کرد و گوتی "تاوان مەکەن"، لە سەرەتادا لە میدیای دەسەڵاتەوە کرایە ئامانج، پاشان بەخێرایی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچوو لەلایەن دادگاوە. هەمووان دەزانن قسەکردن لەسەر گۆشەگیری تاوان نییە، بەڵکو خودی گۆشەگیری تاوانە، پێداگری لەسەر گۆشەگیری، پێداگرییە لەسەر دوورکەوتنەوە لە چارەسەر، ڕای گشتی دیموکراتیک ئەم ڕاستییە دەزانێت، لەپێناو پتەوکردنی سیاسەتی چارەسەر، پێویستە دەستوبرد گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی بێت".