بە دیمەن

هاوسەرۆکانی شارەوانی نسێبین مەرسومی خۆیان وەرگرت

هاوسەرۆکانی شارەوانی نسێبین گوڵبین شاهین داگهان کە مەرسومی خۆی وەرگرت، بانگەوازی لە گەل کرد، بەرەو شارەوانی ڕێپێوان بکەن و گوتی: "وەرن شارەوانییەکەمان لە قەیوم بسێنینەوە و پێکەوە بیپارێزین".

هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی نسێبینی مێردین گوڵبین شاهین داگهان و سەڵاحەدین ئای سەر بە دەم پارتی، بە بردنەوەی ڕێژەی ٧٥،٨٪ دەنگەکان سەرکەوتن، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاری دەم پارتی کاموران تانهان و هاوسەرۆکانی پێشووی نسێبین سەمیرە نێرگز و فەرهاد کوت کە قەیوم لە جێگەیان دانرابوو، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شار و ناوچەکانی دەم پارتی، لەبەردەم بینای دادگا لێدوانێکی کورتیان دا. گوڵبین شاهین بانگەوازی لە گەل کرد، کاتژمێر ١١ لەبەردەم بینای دەم پارتی ناوچەی سێبین کۆببنەوە و بەرەو شارەوانی ڕێپێوان بکەن.

گوڵبین شاهین ڕایگەیاند وەرگرتنی مەرسومەکەیان دواکەوتووە، مەرسومەکەی کردە دیاری بۆ گەل، گوتی: "سبەی کاتژمێر ١١:٠٠ وەرن بەردەم بینای دەم پارتی نسێبین، پێکەوە کۆدەبینەوە بەرەو شارەوانی دەڕۆین. وەرن شارەوانییەکەمان لە قەیوم بسێنینەوە و پێکەوە خاوەنداری لێ بکەین. سوپاسی گەلی نسێبین دەکەین".