بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی یەکگرتووی گەلان (هەبەدەهە)ی ئەوروپا لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا تیشکی خستۆتەسەر هێرشی بەرفراوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان.
هەبەدەهە ڕایدەگەیەنێت لە ١٦ ی نیسانەوە سوپای تورک هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان فراوانتر کردووە، تادێت زیاتر هەرێمەکان بۆردوومان دەکات و هێرشی داگیرکاری پێش دەخات، دەڵێت: " ئامانجەکە ئەوەیە سەرەتا هەرێمەکانی گەریلا بە گەمارۆیەکی فراوان گەمارۆ بدرێت، پاشان بە شێوازی قڕکردن و شەڕی زەمینی هێرش بکرێت".
هەروەها ڕایدەگەیەنێت پەدەکە ماوەیەکی زۆرە لەم پیلانی داگیرکاری و تەسفیەکردنە تێوەگلاوە، پێدەچێت حکومەتی عێراقیش لە قسەکانی پێشووی هەڵگەڕابێتەوە و لەسەر هێرشەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕێککەوتنی کردبێت، دەسپێکردنی هێرشەکان پێش سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ عێراق دەرخەری ئەم ڕاستییەن.
هەبەدەهە جەخت دەکاتەوە تا ئێستە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشەکانیدا بۆ سەر هەرێمەکانی گەریلا ئامانجەکانی نەپێکاوە و گورزی گەورەی خواردووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە لە پلانەکانی، دەڵێت: "دەوڵەتی تورک سودی لە شەڕی قڕکردنی دەوڵەتی زایۆنیستی ئیسرائیل، پشتگیری ئەمریکا و ئیدارەی عێراق وەرگرتووە. چەمکی هێرشی بەرفراوان و داگیرکاری و تەسفیەکردن، گرێدراون بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی هەرێمەکەوە".
هەبەدەهە جەخت دەکاتەوە ڕژێمی فاشیست ئەم هێرشە وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری دەبینێت، هەروەها ڕایدەگەیەنێت ئەمە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشانە لە تورکیا و باکووری کوردستان، دەڵێت: "قسەکەی ئەردۆگانی فاشیست کە دەڵێت "پێویستە تا هاوین پرسی سنووری عێراق و تورکیا چارەسەر بکرێت و پشتێنەیەکی پارێزەر دروست بکرێت و بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هەرێمی ئەمنی لەسەر سنووری تورکیا و سەریا جێبەجێ بکرێت"، بەو واتەیە دێت، پاش پلانی داگیرکاری و تەسفیەکردنی هەرێمی گەریلا، نۆرەی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دێت".
هەبەدەهە داوا لە هەموو هێزە پێشکەوتووخواز و شۆڕشگێڕەکان دەکات دژی هێرشەکان بوەستنەوە و دەڵێت: "دەبێت بزانین هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئەم خاکە ئازادەی کوردستان، دڵی شۆڕشی کوردستان و تورکیا و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. ئەگەر بێدەنگ بین، هەموومان زەرەر دەکەین. با نەهێڵین ئەم دڵە بێدەنگ بێت. وەرن لە هەموو جێیەک بڕژێینە گۆڕەپانەکان و خۆمان بۆ بەرخۆدانی درێژخایەن ئامادە بکەین. با بەرخۆدانێکی ئەنجامگیر سەر پێ بخەین. وەرن کەناڵی دیپلۆماسی گەل چالاک بکەین".
هەبەدەهە بانگەواز لە کرێکاران و سەندیکاکان و ژنان و گەنجان و هێزە دژە فاشیستەکان دەکات دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک یەکبگرن و بەرخۆدان بکەن.