هه‌ده‌په‌ یادی قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی مادیماكی كرده‌وه‌

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ده‌په‌، له‌ ٣٠یه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی مادیماك، به‌ڕێزه‌وه‌ یادی قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، "بۆ ده‌سته‌به‌ر بوونی ئاشتی و ئارامی له‌ نێو كۆمه‌ڵگا، ڕوووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵگا شه‌رته‌".

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، به‌ بۆنه‌ی ٣٠یه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی مادیماك، كه‌ ڕۆژی ٢ی ته‌مووزی ساڵی ١٩٩٣ له‌ هۆتێل مادیماكی سێواس ئه‌نجامدرا، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

 له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت ده‌ستوه‌ردانیان له‌ هێرشه‌كه‌دا نه‌كرد، گۆڕدرا بۆ كاره‌ساتێكی گه‌وڕه‌. هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ٣٠ ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام تا ئێستاش ڕووننه‌كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ره‌كیانه‌شی بڕیاری كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌یان داوه‌ دادگایی نه‌كراون.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، دۆسیه‌یی مادیماك بۆ ماوه‌ی ٣٠ ساڵ شار و شار گه‌ڕاوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان بۆته‌ ئازار و بارگرانی. دۆسیه‌كه‌ چه‌ندین ساڵ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ و بێكاریگه‌ر كراوه‌. زۆریه‌ك له‌ پارێزه‌رانی دۆسیه‌یی كۆمه‌ڵكوژی مادیماك له‌سه‌ر پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بوون به‌ په‌رله‌مانتار و خه‌ڵات كران. هه‌ربۆیه‌ كۆمه‌ڵكوژی مادیماك پشتگوێ خرا و ڕای گشتیش ئه‌وه‌ ده‌زانێت. ئه‌نجامده‌ران بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌ستگیرنه‌كران، تۆمه‌تباری هه‌ڵاتوو، جه‌عفه‌ر ئه‌رچاكماك بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ شوێنێكی نزیك پارێزگای سێواس خۆی شارده‌وه‌ و له‌وێش مرد. مردن و ده‌ستگیرنه‌كردنی گومانی بۆ پاراستنی ئه‌نجامده‌ران به‌هێزتر كرد. ماوه‌ی ٣٠ ساڵه‌ ئه‌نجامده‌ران ده‌ستگیر نه‌كراون و ئه‌وه‌ش له‌ وێژدانی ڕایگشتی عه‌له‌وییه‌كان برینێكی قووله‌.

هه‌ده‌په‌ دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵكوژی سێواس تاوانێكی دژه‌ مرۆڤاییه‌تییه‌ و به‌مجۆره‌ درێژه‌ی به‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ داوه‌، ناكرێت به‌ پاساوی تێپه‌ڕبوونی كات دۆسیه‌كه‌ دابخرێت. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌دا بوون به‌ هاوبه‌ش و هاوكاری تاوانه‌كه‌، ئه‌وانه‌شی ئه‌نجامه‌درانیان پاراست و داڵده‌دا و ئه‌وانه‌شی بێده‌نگ بوون، له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ به‌رپرسیارن. ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ڕوونبكرایه‌ته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ به‌ر به‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی گازی و عومرانیه‌ بگیرایه‌. ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت وه‌ك چۆن ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی مادیماك و گازی نه‌بووه‌نه‌وه‌، ئه‌مڕۆش له‌نێو ئایینه‌كان جیاكاری ده‌كه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی ناسنامه‌ و ئاییینی جیاوازیان هه‌یه‌ له‌ دژی یه‌كتر هان ده‌ده‌ن. هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی كۆچگری، دێرسیم، مه‌ڕه‌ش و چۆروم، ده‌سه‌ڵات ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی مادیماكیش نه‌بووه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی و ئارامی له‌ نێو كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌به‌ر بێت، پێویستی به‌ پێكه‌وه‌بوون هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵكوژی له‌وجۆره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و ئه‌نجامده‌ران ده‌ستگیر و دادگایی بكرێن، تێكۆشانمان به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی سه‌رجه‌م قوربانیانی مادیماك ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ژ.ن