"هێرش بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، هێرشێکی ترسنۆکانەیە"

هاوپەیمانیی ڕۆژنامەنووسانی ژن و فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کرد و گوتیان: "بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگ مەبن".

هاوپەیمانیی ڕۆژنامەنووسانی ژن (Coalition For Women In Journalism-CFWIJ) و فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) دەربارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان کە بەهۆیەوە ٢ ڕۆژنامەنووسی ژن کوژران، ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە.

هاوپەیمانیی ڕۆژنامەنووسانی ژن گوتی: "ئەم هێرشە توندتیژییەکی ترسنۆکانەیە، وەک هاوپەیمانیی ڕۆژنامەنووسانی ژن سەرەخۆشی لە کەسوکاری ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان دەکەین. پێویستە سوپای تورک دەست لە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت. داوا دەکەین دەستبەجێ دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی هێرشەکە بکرێت".

ڕۆنووس: مەبنە تەماشاکەری کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد

ڕۆنووس گوتی: "هێرشەکە بە توندی شەرمەزار دەکەین. هێرشەکە هەوڵێكی ترسنۆكانە و پێشێلكردنی سەرجەم بنەما و بەندەكانی مافی مرۆڤ دەزانین، پێمان وایە دەستبردن بۆ ژیان و گیانی ڕۆژنامەنووسان لە ململانێ سەربازیی و ئەمنیەكاندا كارێكی زۆر نامرۆڤانە و شەرمهێنەرە بۆ ئەنجامدەرانى. لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هێرش و پەلاماری تیمی ڕۆژنامەنووسان لە ژێر هیچ ناوێكدا جێگەی نابێتەوە و بە تاوانی جەنگ هەژمار دەكرێت، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە سەركۆنە دەكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. ئێمە لە ڕۆنووس داوا دەكەین فشارێكی ناوخۆیی و دەرەكی بەرفراوان درووست بكرێت، بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی ژیان و گیانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی خستووەتە مەترسیەوە و داگیركارانی خاكەكەمان هەر ڕۆژە و لە شوێنێكی ئەم نیشتمانەوە گیانی هاونیشتمانییەكانمان دەكەنە قوربانی، ئێستاش كار گەشتووەتە ئەوەی دەست ببرێت بۆ ژیانی ڕۆژنامەنووسان.

داوا لە حكومەتی هەرێم و عێراق و دەزگا فەرمیەكان دەكەین خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامار و داگیركارییە بەردەوامانەی ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن و چیدی تەنیا تەماشاكاری كوشتنی ڕۆڵەكانی كورد نەبن. داواكارین لە كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان هەنگاوی جدی بنێن، بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و هەمووان پابەند بكەن، بە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان لە ململانێ سەربازی و ئەمنییەكاندا. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانییەكان و تەواوی ڕۆژنامەنووسان و كەناڵی ستێرك و هاوڕێیانی هەردوو ڕۆژنامەنووس دەكەین".