هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد شەرمەزارکرا

فشار و دەستبەسەرکردن دژی خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد شەرمەزارکرا، لە چالاکییەکاندا تیشکخرایە سەر سیاسەتی شەڕ و دووپاتکرایەوە دەسەڵات هێرش دەکاتە سەر ڕاستییەکان.

لە ئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵان لە ئیستنەبوڵ و ئەنقەرە و ڕحا، ٩ خەباتکاری چاپەمەنی ئازاد دەستبەسەرکران، لە بەلژیکاش پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ستۆدیۆکانی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر، دژی ئەم کارانە لە ئیستەنبوڵ و شەرناخ و ئەزمیر و ئەدەنە چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

ئیستەنبوڵ

لە ئیستەنبوڵ راگەیاندراوێک خوێنرایەوە و دووپاتکرایەوە، دەسەڵات پاش ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور فشارەکانی زیاتر کردووە، پێش هەمووان خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد و چاپەمەنی کوردی کردۆتە ئامانج.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیستەنبوڵ، ئۆزگول ساکی ڕایگەیان هێرشەکانی ئەم دواییە گرێدراون بە سەردانی ئەردۆگان بۆ عێراق، دەسەڵات بۆ کپکردنی دەنگی ڕاستی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەکات.

هەروەها جەختکرایەوە هێرشی سەر مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی پەیوەستن بە ئامادەکارییەکانەوە بۆ شەڕ، وە پێشێلکردنی نۆرمی ئازادی چاپەمەنی و ئازادی ڕادەربڕین لەلایەن ئەوروپاوە شەرمەزارکرا.  

شەرناخ

بەهەمان بۆنەوە، ڕێکخستنی دەم پارتی شەرناخ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

بەڕێوەبەری دەم پارتی ناوچەکە، جیهاد باسان هۆشداری دایە دەسەڵات چیتر بۆ دوژمنایەتی کوردان سەرچاوەکانی وڵات پێشکەشی هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان نەکات، پشتیوانی خۆی بۆ چاپەمەنی ئازاد و ئۆپۆزیسیۆن دووپاتکردەوە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی نەورۆز ئویساڵ ڕایگەیاند خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد دەنگ و ڕەنگی جڤاک نیشان دەدەن، بەم هێرشانە دەیانەوێت دەنگی جڤاک کپ بکەن، گوتی: "هێرشکردنە سەر چاپەمەنی ئازاد، هێرشە بۆ سەر ژیانی دیموکراتیک. وەک گەلی کورد ئەمە وەک هێرشێک بۆ سەر چاپەمەنی نابینین. دژی هەموو ئەو کەسانەیە بەرامبەر داگیرکاری دەوەستنەوە".

ئەزمیر

پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەردەم بینای دەم پارتی لە ئەزمیر ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەزمیر، ڤەزان کارابولوت ڕایگەیاند دەوڵەت بەنیازە چاپەمەنییەک بەگوێرەی داخوازییەکانی خۆی دابمەزرێنێت، داوای کرد دەمودەست ڕۆژنامەوانە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن.

ئەدەنە

ڕێکخستنی دەم پارتی ئەدەنە بە ڕاگەیاندراوێک ناڕەزایەتی دەربڕی.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە، هێلین کایا دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و هەڵکوتانەسەر ستۆدیۆکانی شەرمەزار کرد، گوتی: "بە سیاسەتی شەڕ، ئامادەکاریتان بۆ شەڕ، هەوڵتان بۆ کپکردنی چاپەمەنی کورد، تەنها زیان بە تورکیا دەگەیەنن. هەرچی زووە دەست لە هێرشەکان هەڵبگرن. چارەنووستان جیاواز نابێت لەوانیتر".