جەنگاوەرانی هەبەدەهە لە ئیستەنبوڵ 'پاسەوانێکی فاشیست'یان کردە ئامانج

جەنگاوەرانی سینان دێرسیمی هەبەدەهە رایانگەیاند، کە لە ناوچەی بەیۆغڵوی ئیستەنبوڵ "پاسەوانێکی فاشیزمیان بە سزاگەیاندووە".

جەنگاوەرانی سینان دێرسیمی هەبەدەهە لە راگەیەندراوێکدا باسیان لەوەکردووە، "پاسەوانێکی دەوڵەتی ئاکەپە کە لە ١٧ی نیساندا لەو کاتەی لە ناوچەی بەیۆغڵو لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزی و دەیویست بچێتە بەرێوەبەرایەتی پۆلیس، لەلایەن هێزەکانمانەوە کرایە ئامانج و بە سەختی برینداربوو".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سیستمی پاسەوانی وەک هێزێکی میلیشیایی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا دامەزراوە. ئەو سیستمە لە ئەندامانی ئاکەپە-مەهەپە پێکدێت، لە سەرەتاوە لەلایەن جەنگاوەرانمانەوە کراونەتە ئامانج".

جەنگاوەرانی هەبەدەهە ئەم هۆشدارییەشیان راگەیاندووە، "ئێمە ئەو پاسەوانانەی کە بە پارە کار بۆ دەوڵەتی فاشیست دەکەن، وشیار دەکەینەوە کە لەلایەکەوە وەک پاسەوان ئەخلاق دەجوڵێنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە بە کردەوەی هەڕەمەکی و دڵخوازە ئەشکەنجە دەکەن و مرۆڤەکان دەکوژن. ئەو شەقام و کۆڵانانەی ئێوە پێیاندا دەسوڕێنەوە، ئەو بنکانەی ئێوە تێیاندا دەوەستن و ئەو رژێمە فاشیستەی ئێوە بڕوا و متمانەتان پێیەتی ناتوانن ئێوە لەبەرامبەر توڕەیی جەنگاوەرانمان بپارێزن. بەهۆی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەل ئەنجامیان دەدەن، ئێمە لێپێچینەوەتان لەگەڵ دەکەین. ئێوە بەردەوام لە هەموو شوێنێک دەبنە ئامانجی گولـلەکانمان".

هـ . ب