خەباتی هەڵبژاردن لە ئامەد و ڕحا و ئیستەنبوڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە چەند شارێک بەردەوامە لە خەباتی هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار. لە ڕحا سەردانی ئەمینە شەنیاشار کرا کە خێزانەکەی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ کوژران.

ڕحا

دەم پارتی لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا چوونە سەردانی ئەمینە شەنیاشار. کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی دەم پارتی لە پیرسوس ئایتن کایا و چەند نوێنەری ڕێکخراو مەدەنی لە سەردانەکە بوون. ئەمینە شەنیشار تیشکی خستەسەر تێکۆشانی دادپەروەری کە ٦ ساڵ بەردەوام بوو، ڕایگەیاند لە هەفتەی یەکەمی ئادار دەست بە چالاکییەکە دەکاتەوە. ئەمینە ڕایگەیاند تا ئازادبوونی کوڕەکەی و سزادانی تاوانباران تێکۆشانی دادپەروەری بەردەوامە، هەروەها ئایتن کایا پشتیوانی بۆ بنەماڵەی شەنیاشار دەربڕی.

وێرانشار

کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی دەم پارتی لە وێرانشار بەدریە یۆرگون و سەرحەد دیجلە سەردانی پیشەوەرانیان کرد و گوێبیستی داواکاریەکانیان کرد و ڕایگەیاند شارەوانییەکەی بندەستی ئاکەپە خزمەتی بەوان نەکردووە. دووپاتیان کردەوە چیتر دەنگ بە ئاکەپە نادەنەوە. بەدریە یۆرگون ڕایگەیاند کێشەی پیشەوەران بە بەڕێوەبردنی دەم پارتی چارەسەر دەبێت، پێکەوە سەردەکەوین و بەڕێوەدەبەین.  

ئامەد

دەم پارتی لە ناوچەی حەزرۆی ئامەد نووسینگەی هەڵبژاردنی کردەوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد پینار ساکیک تەکین، کاندیدی شارەوانی مەزنی ئامەد دۆگان خاتون و پەرلەمانتاران عەدالەت کایا و سەرحەد ئەرەن بەشداربوون. شاندەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. پینار ساکیک تەکین گوتی: "هێز و باوەڕمان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، لەم هەڵبژاردنە سەردەکەوین".

پەرلەمانتار سەرحەد ئەرەن ڕایگەیاند هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار مێژووییە، هەرگیز ڕێگە نادەین ئیرادەمان بشکێنن. کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی حەزرۆ، حەسیبە یازدیک ڕایگەیاند ئێرە خاک و وڵاتی ئێمەیە، بەردێک بۆ ئەوان جێناهێڵین. پاشان نووسینگەکە کرایەوە و ئامادەبووان هەڵپەڕین.

ئیستەنبوڵ

کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی مەزنی ئیستەنبوڵی دەم پارتی، مەراڵ دەنیش بەشتاش لە بینای پارتەکە لە سوڵتانغازی لەگەڵ ژنان کۆبووەوە، ژنان بە بەرزکردنەوەی ئاڵا و بەرزکردنەوەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە.

مەراڵ دووپاتی کردەوە پارادایمی ئازادی ژنان خاڵی جیاکەرەوەی پارتەکەیانە لە پارتەکانی تر و گوتی: "بەبێ ئازادی ژن، جڤاک ئازاد نابێت. کاتێک دەڕوانینە گوتاری پارتەکانی تر هەرگیز ژن نابینینەوە. هەرگیز دەنگ و هەبوونی ژنان نابینین. تەنها ئیدارەی پیاوان دەبینین. ڕێژەی ژن لە هیچ پارتێک ١٠ تێناپەڕێنێت، بەڵام نوێنەرایەتی ژنان لەنێو دەم پارتی ٥٠٪ دەبێت، ئێمە هەموومان توخمە جیاوازەکانی نەتەوەی دیموکراتیکین. نەتەوەی دیموکراتیک و هاوڵاتی هاوبەش لە ئەستەنبوڵ جێبەجێ دەکەین. تا ٣١ی ئازار لە ماڵی هەمووان میوان دەبین. بۆ کۆتایی هاتنی زوڵم و ستەم و دەسەڵاتی تاکە کەسی و بۆ ئیدارەی هەرێمی دیموکراتیک لەگەڵ گەل کۆدەبینەوە. ئێمە دەڵێین "ئێمە هەین" ئێمە هەین و درێژە بە تێکۆشان دەدەین".