کەجەدە: پێویستە هێزە دیموکراتیکەکان دەنگی خۆیان هەڵبڕن دژی گۆشەگیری

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) ناڕەزایەتی دەربڕی سەبارەت بەوەی ٢٨ مانگە زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە و گوتی: "پێویستە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخستنە مەدەنییەکان و هێزە دیموکراتیکەکان هەڵوێست وەربگرن دژی گۆشەگیری".

بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی "TELE1"، مەردان یانارداغ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕەخنەی گرت لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجلان، گوتی: "ئەم گۆشەگیرییە لە یاسادا جێی نابێتەوە. بۆیە پێویستە هەڵبگیرێت. بنەماڵە و پارێزەران ناتوانن بیبینن. ئاخۆ سیستەمێک وەها ڕێی تێ دەچێت؟" دەسەڵات بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە بۆ ڕێکخستن" لێکۆڵینەوەی لە دژی دەستپێکرد و دەستگیرکرا. کەجەدە بەم بۆنەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

تورکیا یاساکانی خۆی پێشێل دەکات

کەجەدە ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان ٢٤ ساڵە ڕووبەڕووی گۆشەگیریەکی توند بۆتەوە، گوتی: "سەرەڕای هەموو داواکارییەکانی نوسینگەی یاسایی سەدە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ دیداری ئۆجالان و سێ دەستگیرکراوەکەی تری دوورگەی ئیمراڵی، نزیکەی ٢٨ مانگە زانیاری لەبارەیانەوە نییە. بەمەش تورکیا هەم یاساکانی خۆی و هەم یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. ئەم سیستەمە تایبەتە دژی بەڕێز ئۆجالان، دەرخەری کاریگەری بەڕێز ئۆجالانە لەسەر جڤاک.

پێویستە لەپێناو چارەسەر و ئاشتی گۆشەگیری کۆتایی بێت

دەسەڵاتی فاشیستی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە کاریگەری بەڕێز ئۆجالان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین و چارەسەر پرسی کورد دەزانن. دەیانەوێت لەڕێگەی گۆشەگیرییەوە، دوژمنایەتی گەلی کورد پیادە بکەن، تاوەکو هیچ ڕێگەیەک بۆ چارەسەر و ئاشتی نەکرێتەوە. بۆیە تادێت گۆشەگیر توندتر دەبێتەوە. ئەو مەبەستی گۆشەگیری جەستەیی نییە، بەڵکو زیاتر دەیەوێت ڕێگربێت لە گەیشتنی دەنگی بەڕێز ئۆجالان بە جڤاک. ئەو ڕۆژنامەوان و ڕۆشنبیرانەی داوای ڕوونکردەوە دەکەن، لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت. ئەمەش مانای ڕاستەقینەی گۆشەگیری دەردەخات. لەپێناو چارەسەر و ئاشتی، پێویستە دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە.

پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن

٤١٦ داواکاری پێشکەش کراوە لەپێناو دیداری بەڕێز ئۆجالان، بەڵام هەمووی ڕەتکراوەتەوە بە پاساوی سزای دیسپلینی ناماقووڵ. ئەم تاوانە بە بەرچاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی بەگژاچوونەوەی ئەشکەنجە ئەنجام دەدرێت. ئەم ڕاستییە نابینن، یان دەسەپاچە و لاوازن. بەم بۆنەیەوە، وەک کەجەدە، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن دژی گۆشەگیری و هەڵوێست و بڕیاری ڕوون وەربگرن. کاریگەری گۆشەگیری ڕوونە لەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. ڕێخۆشکەرە بۆ هێرش و ئاراستەکردنی کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو قەیرانی ئاڵۆز. بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و هێزە دیموکراتیکەکان دەنگ هەڵبڕن دژی گۆشەگیری".