کەجەدە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی زیلان دەکاتەوە

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) یادی شەهیدانی دۆڵی زیلان دەکاتەوە و دەڵێت: "پێویستە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی ڕاستییەکان پێکبێت".

کەجەدە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان، دەڵێت:

"ڕژێمی دەوڵەتی نەژادپەرست پێش ٩٣ ساڵ لە دۆڵی زیلان کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، دەیان هەزار لە ژن و مناڵ و پیری کورد بوونە قوربانی، زیاتر لە ٤٤ گوند سوتان. بەشێک لە ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژییەکە ڕووبەڕووی گرتن و نەفیکردن بۆ دەرەوەی وڵات بوونەوە. بەمە ویستیان گۆڕینی دیمۆگرافی و سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆن جێبەجێ بکەن. چاپەمەنی ئەوکاتە، بەشێوەیەکی قێزەون هەوڵیدا پاساو و ڕەوایەتی بداتە ڕای گشتی سەبارەت بەم کۆمەڵکوژییە. بەڵام تێکۆشانی مێژوویی زارەکی لەگەڵ یادەوری مناڵە ڕزگاربووەکانی کۆمەڵکوژییەکە تیشک دەخاتە سەر ڕژێمە نەژادپەرستەکەی دەوڵەت. ئەو خوێنەی لە دۆڵی زیلان ڕژا، ئەمڕۆ لە دڵی ئێمە دەڕژێت. بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییەکان دەکەینەوە. یادیان پرسەیەکە بۆ ئێمە و تا ئێستا بەردەوامە.

ئەم زیهنەیەتە نەژادپەرست و فاشیستە بەشێوەیەکی سیستەماتیک کورد کۆمەڵکوژ دەکات. لەبری بەگژاچوونەوەی لەپای ئەم کۆمەڵکوژییانە، کەچی پەردەپۆشی دەکەن و دەیانەوێت فەرامۆش بکرێت. بەم هۆیەوە، شوێنی گۆڕی سەید ڕەزا و شێخ سەعید دەشارنەوە، بەنداو و باڵەخانە لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکان بونیاد دەنێن، بەم شێوەیە دەخوازن، یادەوەریمان بسڕنەوە و تاوانەکانیان داپۆشن. بەڵام یادی بەها و گەلەکەمان، یادێکی زیندووە و تێکۆشانمان بەهێزتر دەکات لەپێناو دیموکراسی و ئازادی.

وەک کەجەدە، دووبارە بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە دەکەینەوە، دووپاتی دەکەینەوە بەرەنگاری تاکە ڕێگەی چارەسەر و ئاشتییە. بۆیە، دەبێت بەزووترین کات، لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕاستییەکان پێک بهێنرێت".