کەجەدەکە-ئە: لە ١٢ی تشرینی دووەمدا هەڵدەستینە سەر پێ، بەشداری لە رێپێوانەکاندا دەکەین

کەجەدەکە- ئە رایگەیاند: "لە ١٢ی تشرینی دووەمدا بە گیانی یەکێتیی نەتەوەیی هەڵدەستینە سەرپێ و لە دژی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک بەشداری لە رێپێوانەکاندا دەکەین".

لە راگەیەندراوێکدا کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردستان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) رایگەیاندووە: "دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و قڕکردن لە کوردستان دەیەوێت لەبەرامبەر تێکۆشانی ئازادیدا بگاتە ئەنجام. سەرباری رێ و رێبازە چەپەڵەکانی، هەروەها سەرەڕای پشتیوانی هاوکارەکانیشی ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادیدا سەربکەوێت. هەربۆیەش سوپای تورکی دەست لە خوێن هەڵکشاو پەناو بۆ قێزەونترین شێوازەکان دەبات".

'رۆژی خاوەنداری لە بەرخودانی گەورە'

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی کە بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی، دەیەوێت ئەنجام بەدەستبهێنێت. گەریلاکانی ئازادی بە بەرخودانی خۆیان ئایندە و شکۆی گەلی کوردستان دەپارێزن. بە باجی قورس، بە گیانبازی و قارەمانێتی گەورە داهاتوو و بەهاکانمان دەپارێزن. گەریلاکانی ئازادی کۆلۆنیالیزم بەچۆک دەهێنن و شکستی دەدەن.

رۆژ رۆژی خاوەندارییە لەو بەرخودانە گەورەیە و رۆژی وەستاندنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورکە. لەبەرامبەر هێرشە هەمەلایەنەکانی دەوڵەتی تورک بەرخودان ئەرکێکی نەتەوەییە.

ئێمە تائێستا بە چالاکییەکانمان ئەگەر توانیبێشتمان سەرنجی رای گشتی بۆ سەر بابەتی کۆتاییهێنان بەو هێرشە کۆمەڵکوژانە رابکێشین، دەبێت زیاتر لەوە خاوەنداری بکەین. رێکخراوە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا کە لەبەرامبەر گەورەیی مەترسییەکان، بۆ خاوەنداری گەورەتر رۆژی ١٢ی تشرینی دووەم لە دەرەوەی وڵات وەک رۆژی ئەرکی نەتەوەیی رابگەیەنن. واتە رۆژی ١٢ی تشرینی دووەم کەس نەچێتە سەر کار، کارگەکانیان نەکەنەوە، وەک سەردەمی کۆبانێ لە هەموو شوێنێک بە گیانی سەفەربەری لە گۆڕەپانەکاندا خۆڕاگری بکەن و بۆ ئەوەی رێکخراوە پەیوەندیدارەکان بخەنە جوڵەوە داواکارییەکانی خۆیان بخەنەڕوو.

بۆ ئەمەش بەتەمەنەکان تا منداڵان، ژنان، گەنجان، باکوری، باشوری، رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی، ئێزدی، مسوڵمان، عەلەوی، کریستیان دەبێت هەمووان بە گیانی یەکێتی نەتەوەیی هەموو شوێنێک بکەنە گۆڕەپانی سەرهەڵدان و سەفەربەر بن. لەگەڵ دۆستان و هێزە دیموکراتەکان تا بەدەستهێنانی ئەنجام بە پێداگرییەوە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین.

'١٢ی تشرینی دووەم لە گۆڕەپانەکاندا بن'

' ١٢یتشرینی دووەم لە هەموو شوێنێک ئێمە دەڕژێینە گۆڕەپانەکان و دەبینە دەنگ و هەناسەی گەریلاکانی ئازادی. بەتایبەتی رێپێوانی ناوەندی لە دۆسێلدۆرف، لە وڵاتانی دیکە بە بەشداری چالاکی و رێپێوانەکان بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین. دەبێت ئێمە وەک گەل بە گیانی یەکێتی نەتەوەیی بەشداری لە ریزەکاندا بکەین.

لەسەر ئەو بنەمایە ١٢ی تشرینی دووەم لە سویسرا، ئەڵمانیا، باکوری فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵندا بەشداری لە رێپێوانی دۆسێلدۆرف دەکەن. لە سوید، دانیمارک، نەرویژ، فینلەندا، باشوری فەرەنسا، بەریتانیا، نەمسا، قوبرس، یونان، کەنەداو ئوستراڵیاش بەشداری لە رێپێوانی خۆجێیی دەکەین.

لە ١٢ی تشرینی دووەم دەبێت هەموو حزب، رێکخراو، دامەزراوەی کوردستانی، ژنان، گەنجان، منداڵان، بەتەمەنەکان، رێکخراوە ئایینیەکان، هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان بە گیانی یەکێتی نەتەوەیی مامەڵە بکەن و بە دروشمی ' لە بەرامبەر چەکی کیمیایی رۆژی ئەرکی نەتەوەییە لە دەرەوەی وڵات' رێپێوان ساز بکەن و بە بەشداری دەیان هەزار کەس سەفەربەر بن".

هـ . ب