کەجەدەکە-ئە: پێویستە هەرکەس بە زمانی دایکی خۆی بدوێت
کەجەدەکە-ئە بەبۆنەی ٢١ ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "دژی سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن پێویستە هەر کوردێک بە زمانی دایکی خۆی بدوێت".
کەجەدەکە-ئە بەبۆنەی ٢١ ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "دژی سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن پێویستە هەر کوردێک بە زمانی دایکی خۆی بدوێت".
کۆنگرەی جڤاکە دیموکراتیکەکانی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) بەبۆنەی ٢١ ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دژی سیاسەتی سەرکوت و ئاسیمیلاسیۆن و قڕکردن پێویستە هەموو کوردێک بە زمانی دایکی بدوێت.
دووپاتی دەکاتەوە ئامانجی سەرەکی ئەو هێزانەی دەخوازن کورد قڕبکەن ئەوەیە کورد بە زمانی دایکی نەدوێت، لە چوار پارچەی کوردستان سیاسەتی نکۆڵی بەرامبەر زمانی کوردی هەیە، دەڵێت: "دژی سیاسەتی نکۆڵی و ئەسیمیلاسیۆن پێویستە هەموو کوردێک بە زمانی دایکی بنوسێت و بخوێنێتەوە. زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە و پێویستە ئەمە بە جڤاکی ئەوروپا ڕابگەیەنرێت".
کەجەدەکە-ئە زمان بە تایبەتمەندیی و مافی بنەڕەتی هەر نەتەوە و گەلێک دەزانێت و دەڵێت: "زمان هەبوونی جڤاکە. هاوکات زمان هەوێنی سەرەکی زیندووبوونەوەی نەتەوەکان و داهێنان و ئافراندن و هونەر و چاند و کەرەستەی سەرەکی ئەدەبە".
کەجەدەکە-ئە ڕایدەگەیەنێت داگیرکەران بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی کۆمەڵکوژی جەستەیی و چاندیان داوە، ویستویانە لەڕێگەی سیاسەتی نکۆڵییەوە جڤاکێک لەناوببەن، بۆیە پێویستە هەمووان ئەم زمانە بپارێزن و پێشی بخەن، داوا لە هەمووان دەکات بە زمانی دایکی خۆیان بدوێن.
لەکۆتایدا دەڵێت: "وەک کەجەدەکە-ئە، ٢١ ی شوبات ڕۆژی زمانی دایک پیرۆز دەکەین، سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین بۆ زمان و پەروەردەی کوردی خەبات دەکەن و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین".