کەجەئێ_ئە بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە فیستیڤاڵی فرانکفۆرت

کەجەئێ_ئە بانگەوازی لە هەمووان کرد بەشداربن لە فیستیڤاڵی فرانکفۆرت کە ٢١ ی ئەیلول ئەنجام دەدرێت، گوتی: "بەشداربوون لەم فیستیڤاڵە ئەرکێکی وڵاتپارێزانەیە، دەبێت هەموو وڵاتپارێزێک بە ئەرکی خۆی هەستێت"

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەوروپا (کەجەئێ_ئە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو بانگەوازی لە ئێزدییانی ئەوروپا کرد بەشداربن لە ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی فرانکفۆرت کە ٢١ ی ئەیلول ئەنجام دەدرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات ئەمساڵ ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی کەلتووریی کورد، لە هەلومەرجێکی چارەنووسسازدا بەڕێوەدەچێت.

ئاماژە بەوە دەکات دوژمن ڕۆژانە لە باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان هێرش دەکاتە سەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد، کۆمەڵکوژی و فەرمان ئەنجام دەدات، دەڵێت: "دژی ئەم دڕندەییە، کۆمەڵگەکەمان و ڕێکخراو و دامەزراوەکانمان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی کوردستان دیموکراتیک بەرخۆدان دەکەن و دەبنە نموونەی مرۆڤایەتی".

بانگەواز لە هەمووان دەکات بەشدارییەکی بەهێز لە فیستیڤاڵەکەدا بکەن، دەڵێت: "بۆ یەکێتی نەتەوەیی و کوردستانی ئازاد، لە شوێنی خۆمانەوە وەک چەم و ڕووبار بڕژێینە فیستیڤاڵی فرانکفۆرت و پێکەوە دەریای ئازادی دروست بکەین".

"بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەشداری فیستیڤاڵەکە بکەن"

هەروەها دەڵێت: "ئەم بەشداربوونە لە فیستیڤاڵەکە، ڕێگە لەبەردەم ئازادبوونی پێشەنگی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ڕێبەر ئاپۆ دەکاتەوە".

هەروەها دەڵێت: "بەشداربوون لەم فیستیڤاڵە ئەرکێکی وڵاتپارێزانەیە. پێویستە هەر وڵاتپارێزێک بە ئەرکی خۆی هەستێت و بەشداربێت".