ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکردەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای و دەستبەسەرکردنیان لەنێو ئۆتۆمبیلەکان لە کەشوهەوایەکی گەرمدا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە پلەی گەرمای نێو ئۆتۆمبیلەکان بەخێرایی بەرزبووەوە، دەڵێن: "ئەوکاتەی دایکانی شەممە لە ٢٢ی تەمموز دەستگیرکران و لەنێو ئۆتۆمبیلەکان دەستبەسەرکران، پلەی گەرما ٣٢.٢ پلە بوو، بەڵام پاش ٢-٤ کاتژمێر پلەی گەرمی نێو ئۆتۆمبیلەکان لانی کەم دەگاتە ٦٠ پلە".
"دەستبەسەرکردنی دایکانی شەممە لەنێو ئۆتۆمبیلەکان، ئەشکەنجەیە"
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، جێهێشتنی ئەم کەسانە لەنێو ئۆتۆمبیلەکان دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی، ئاشکرای کرد دایکانی شەممە پێشتر لە ٢٢ ی تەمموز دەستگیرکران، دەڵێن: "دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی کەسەکان بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لەنێو ئۆتۆمبیلەکان ئەشکەنجەیە و قبووڵ ناکرێت، ئۆتۆمبیلی هێزەکانی ئاسایش بەکاردێت بۆ گواستنەوەی دەستبەسەرەکان بۆ نەخۆشخانە و شوێنەکانی ڕاگرتن. پێویستە هەلومەرجی شوێنەکانی ڕاگرتن و دەستبەسەرکردن گونجاو بێت لەگەڵ شکۆ و تەندروستی مرۆڤەکان".