کۆماو: گۆشەگیری تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی

کۆماو رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و ئەوەی خستەڕوو، ئەو کەسەی دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و ئاشتی دەستەبەر بکات، عەبدوڵا ئۆجالانە.

کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان و بێسەروشوێنبووانی کوردستان (کۆماو) سەبارەت بە گۆشەگیریی دژوار لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا ئەوە بە بیرهێنراوەتەوە کە رێبەری گەلی کورد ماوەی دوو ساڵ و نیوە لەناو هەلومەرجی دژواردایە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "وەک ئەوەی ئەو ژیانە گۆشەگیرە و ئەو ئەشکەنجەیە بەس نەبێت، ئەم جارەیان لە بنەماڵە و پاڕێزەرانی دوورخریەوە و مافی یاسایی ئەنجامدانی دیداری لێزەوت کرا. عەبدوڵا ئۆجالان کە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە کینیا رفێندرا و گواسترایەوە بۆ تورکیا، لەو کاتەوە لە ژورێکی تاکەکەسیدا زیندانی کراوە. حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش کە گواستراونەتەوە بۆ لای رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەوانیش لە زیندانی ئیمراڵیدا لە ژووری تاکەکەسیدا راگیراون. هەم لەیاسای نێونەتەوەیی و هەمیش لە یاسای وڵاتاندا بە نایاساییبوونی کردەوەکان بەرامبەر بەرێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی دەزانرێت و ئاماژەی پێدەدرێت. بەڵام حکومەتەکانی دەوڵەتی تورک کە ئەو تاوانەیان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، هێشتاش درێژە بە کردەوەکانیان دەدەن.

ئێمە نیگەرانی ژیانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو هەڤاڵانەی کە لەگەڵیدان. وەک دەزگای بنەماڵەی شەهیدان و بێسەروشوێنبووانی ئەم شەڕە (کۆماو) ئێمە ژیانی ئەوان و ژیانی خۆمان لە یەک ئاستدا هەڵدەسەنگێنین. لەبەر ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان بە گەورەترین ئیرادە دادەنێین کە دەتوانێت ئەم شەڕە رابگرێت و ئاشتی مسۆگەر بکات. ئەو خۆیشی بە دەوڵەتی تورکی وت، ' رێگەم پێبدەن، لەماوەی یەک هەفتەدا ئەم شەڕە رادەگرم'. وەک کۆماو ئێمە ئەو کردەوە دژە مرۆڤایەتیانە و هێرشکارییەکانی دەوڵەتی تورک، هەروەها پشتیوانەکانی کە بەرامبەر بەو هێرشانە بێدەنگن،سەرکۆنەیان دەکەین.

هەربۆیە داوا لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان؛ بەتایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا دەکەین، بە گوێرەی ئەو ئامانجانەی لە بڕگەکانی پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیان پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ دەستنیشان کراوە، ئەرکەکانیان بە جێبهێنن".

هـ . ب