کۆماو: خاوەنداری لە دامەزراوەکانمان دەکەین

کۆماو هێرشی سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر تیڤی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند خاوەنداری لە دامەزراوەکانیان دەکەن.

دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان و بێسەروشوێنان (کۆماو) پەیوەست بە هەڵکوتانەسەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر تیڤی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆماو دەڵێت: "چاپەمەنی ئازاد چاو و گوێی کوردە. دامەزراوەیەکی گرنگە بۆ ئاشکراکردنی ئەشکەنجە و قڕکردن و کۆمەڵکوژی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ ڕای گشتی جیهان".

کۆماو ڕایدەگەیەنێت ئەم دامەزراوەیە بێ چەکە و تەنها بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان دامەزراوە، دەڵێت: "لە دەستی خەباتکارانی ئەم دامەزراوەیە تەنها پێنووس و مایکرۆفۆن هەیە و بۆ نوسین و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕاست بەکاری دەهێنن".

کۆماو هێرشەکە بە نزیکایەتی سیاسی و دژە دیموکراسی دەناسێنێت و ڕایدەگەیەنێت ئەم دامەزراوە دیموکراتیکانە بەرئەنجامی ڕەنج و قوربانیدانی گەلی کوردە، دەڵێت: "وەک دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان و هەموو بنەماڵەی شەهیدانی قوربانیدەر، لەم بابەتەدا بە هەستیاری مامەڵە دەکەین و خاوەنداری لە دامەزراوەکانمان دەکەین".