کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق دەیان هەزار کامێرا لە بنکەکانی دەنگدان دادەنێت

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند: "بۆ هێنانەدى شەفافیەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ٥٠ هەزار کامێراى چاودێرى لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێن".

بڕیارە ڕۆژی  ١٨ى  کانونى دووەمی ئەمساڵ ٢٠٢٣ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجام بدرێت ئەمەش دوای ئەوەی تەواوی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ هەڵوەشانەوە بەبڕیاری سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق.

گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاندووە کە بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکان کۆمیسیۆن ناچارە تەکنەلۆژیاى پێشکەوتوو بەکاربهێنێت لەوانە کامێراى چاودێری پێشکەوتوو بەمەبەستى پاراستنى نھێنیى دەنگدان، بۆ ئەم مەبەستەش بۆ یەکەمجار نزیکەى ٥٠ هەزار کامێراى چاودێرى لە ناوەندەکانى دەنگدان و تۆمارکردنى دەنگدەران دادەنێت بۆ چاودێریی  پرۆسەی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کە بڕێارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

هەروەها کۆمیسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کردووە کە: "حەوت هەزار ناوەند و ٤٠ هەزار وێستگەى دەنگدان لە عێراق بوونی هەیە، وە  دوو کامێرا لە هەر ناوەندێکى تۆمارکردنى دەنگدان و کامێرایەک لە هەر ناوەندێکى دەنگدان جێگیر دەکرێن".

جێگای باسە دوایین هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە لەعێراق لە ساڵى ٢٠١٣ کرابوو، لە ساڵى ٢٠١٩ کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕکران، هەروەها ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تایبەت بە شاری کەرکوک بۆ یەکەمجار لەدواى ساڵى ٢٠٠٥ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکوک ئەنجام دەدرێت.