دەستەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە( بە بۆنەی ٩یەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە: ئێمەی کورد، لە ١٠٠ەمین ساڵڕۆژی پەیمانی لۆزان، بەدەست ئازار، نادادپەروەری و کۆمەڵکوژییەکانەوە دەناڵێنین، یەک لە نزیکترین نموونەکانیش، ٩ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە کوردستان ڕوویدا، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ گەلی ئێزدیمان لە شەنگال ڕووبەڕووی هێرشێکی دژواری تیرۆریستانی داعش بووەوە، دەستبەجێ ڕوونبووەوە دەوڵەتی تورک پاڵپشتی لە تیرۆریستانی داعش دەکات.
کەنەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، داعش دژی ژنان، شێوازی شەڕی تایبەتی بەکارهێناوە، ژنان و کۆمەڵگای بە گشتی کردە ئامانجی هێرشە قێزەونەکانی و بە پێیەش لە ناو جینۆسایددا ژنکوژی بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەنجامدا.
کەنەکە وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو هێزانەی بڕیاری جینۆسایدی گەلی ئێزدیان داوە جەختیشیکرووەتەوە، وەک هەمیشە بۆ ئەوەی برینەکانی شەنگال ساڕێژ بن، تێکۆشانی خاوەنداریکردن لە مافە ڕەواکانی ئێزدییەکان بەردەوام دەبێت.
کەنەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە، نزیکەی ١٢ دەوڵەت تاوانی لە دژی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە و ئەو دانپێدانانە هەم هەنگاوێکی گرنگە و هەمیش نیشانە و بەڵگەنامەیەکی گرنگی سیاسیە، بەڵام بە جینۆساید ناساندنی سیاسی بێ دەرئەنجامە یاساییەکان، واتە بەبێ دادگاییکردنی بەرپرسیارەکان – ئەنجامدەران بڕیارێکی وەک پێویست نییە. نەبوونی رێکاری یاسایی تەنیا تاوانباران هاندەدات و ڕێگەیان پێدەدات کە جینۆسایدەکان دووبارە بکەنەوە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی داعش لەلایەن گەریلاکانی هەپەگە- یەژاستار و یەپەگە- یەپەژە تێکشکێنرا، ڕژێمی تورک دەیەوێت بە شێوازی جیاواز تۆڵە لە ئێزیدخان بکاتەوە، ڕۆژانە سوپای تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی شەڕ هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانە، قوتابخانە و بە تایبەتی هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان یەبەشە- یەژەشە. ئامانجی ئەو هێرشانە ڕوونە: دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئێزدییەکان ئێزیدخان چۆڵ بکەن و یەک ئێزدی تێدا نەهێڵێتەوە. ئامانجی ستراتیژی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی شەنگالە وەکو جوگرافیای پێشووی عوسمانییەکان و بە تورکبوون بەرەوپێش ببات. هەمان ستراتیژیشی ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرین و ساڵی ٢٠١٩ لە سەرێکانی و گرێسیپی دەستیپێکردبوو، ئێستاش خەریکە جوگرافیای کوردستان لە کوردەکان "پاک" دەکاتەوە، پەرە بە تورکبوون دەدات.
کەنەکە دووپاتیشیکردووەتەوە، بۆ ئەوەی چیتر فەرمانی زیاتر بەسەر گەلی ئێزدیماندا بەڕێوەنەچێت، پێویستە سەرەتا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێنرێن. هەربۆیە یەکەم و بەپەلەترین داواکاریمان ئەوەیە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق پێکەوە کایەی ئاسمانی بەسەر فڕۆکە شەڕ و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک دابخەن.
کەنەکە هەڕوەها داوای کردووە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم کە له نێوان حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتی هەڕێمی باشووری کوردستان و دەوڵەتی تورک واژۆ کرا، هەڵبوەشێنرێتەوه. چوونکە ئامانجی ئەو ڕێککەوتنە چۆڵکردنی ئێزیدخانە و بە بێ بەشداریی ئێزدییەکان ئەنجامدرا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، بۆ ئەوە چیتر کۆمەڵکوژی لە سەر ئێزدییەکان جێبەجێ نەکرێت، پێویستی بە چارەسەریەکی درێژخایەن هەیە. هەربۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لەگەڵ حکومەتی عێراق و نوێنەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێزیدی وەک ئەنجومەنی گەل و ئەنجومەنی ژنانی شەنگال کاربکات. بۆ ئەوەی ئێزیدخان وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر لە چوارچێوەی یاساکانی عێراقی و نێونەتەوەیی جێگیر بکەن.
ژ.ن