بە دیمەن

کەنەکە: ڕێگە بە داگیرکاری کوردستان نادەین

جڤاتی گشتی کەنەکە ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزارکرد و وتی: "ڕێگەنادەین خاکی کوردستان بکەوێتە ژێر هەژموونی داگیرکەرانەوە."

دوای دوو ڕۆژ لە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی ٢٢هەمینی ناوبەینی کۆنگرەی نەتەوەی کورد (کەنەکە) لە شاری دەنهاگی هۆڵەندا، بە ورد و درشتی ڕاوەستەکرا لەسەر ئەو مەترسیانەی لەسەر خاکی کوردستان هەیە، لە لایەن هاوسەرۆکی کەنەکەوە زینەب موراد ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر خاکی کوردستان کرا و وترا: "وەک جڤاتی گشتی ٢٢هەمینی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان تاوتوێی وردی ئەو بابەتانەمان کرد کە مەترسین بۆسەر خاکی کوردستان، پێکەوە دەڵێین 'بمرێ داگیرکاری، بژی بەرخۆدانی کوردستان'، لێرەوە بەناوی نوێنەر و لایەنە سیاسەکانەوە بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەن و حزبە سیاسیەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەتی بۆ لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان ئەوەیە؛ کە جارێکیتر ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری بۆسەر خاکی کوردستان دەستیپێکردوووە.

ویستیانە خاک و گەلەکەمان پەلکێشی شەڕێکی گەورە بکەن

لە بەرەبەیانی ئەمرۆوە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دەستی پێ کردووە، بۆیە وەک کەنەکە ئەم هێرش و ئۆپراسیۆنانە شەرمەزاردەکەین و دەڵێین 'نا بۆ داگیرکاری'، ناهێڵێین جارێکیتر خاکی کوردستان بکەوێتە ژێر داگیرکارییەوە. مەرامی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی هەموو کوردێکە لە هەر جێگەیەک بێت، بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە، بە تایبەت لە باشووری کوردستان."

هەڵوێستێکی گشتگیر پێویستیە لە بەرامبەر ئەم شەڕەدا

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا موراد ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم شەڕە شەڕێکی گشتگیرە و وتی: "بۆیە پێویستی بە هەڵوێستێکی تۆکمە و گشتیگیر هەیە، پێویستە هیچ کوردێک نەبێتە بەشێک لەو شەڕ و پیلانگێڕییە قێزەونە، بەتایبەت لە باشووری کوردستان. ئەو هەڵوێستە بە بەرخۆدان و سەنگینی دەبینین، لەبەرئەوە هەموو هێز و دەنگی خۆمان دەخینە پاڵ بەرخۆدانی گەلەکەمان، بەرخۆدانانی شەڕڤانانی ئازادی، کە لە دژی داگیرکاری وڵاتمان وەستاونەتەوە. بۆیە دەڵێین 'بژی کوردستان، بمرێت زهنیەتی داگیرکاری."

لە کۆتاییدا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بە وتنەوەی دروشمی 'بژی کوردستان' کۆبوونەوەی ٢٢هەمینی جڤاتی گشتی کەنەکە کۆتایهات.