بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە، کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم جۆرەیە:
"سبەی جەژنە، جەژنی قوربان. بەداخەوە ئێمە جارێکی دی جەژن لە رەوشێکی دژوار و ئاڵۆزدا دەکەین. لە تەواوی کوردستان هێرشی لەناوبردنی گەلی کورد بەردەوامە. مرۆڤی ئێمە دەکوژرێن و ژینگەی ئێمە وێران دەکرێت. هەتا دێ هەڕەشەو داگیرکاریی لە سەر باشوورو رۆژاوای کوردستان روو لە زێدە بوونە. زیاتر لە هەشت مانگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان راپەڕینێک لەژێر درووشمی " ژن، ژیان، ئازادی " بەڕیوەدەچێت و بەردەوامە. هەمانکات هەر لە رۆهەڵاتی کوردستان گوشارەکانی رژێم لە سەر خەڵک لە زیادبوندایە و کێشەکان قووڵتر دەبنەوە. لە باشووریش کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن. کێشەی ناوچە دابڕاوەکان چارەسەر نەبوون و هێرشی دەولەتی تورکیاشی هاتۆتە سەر. لە هەمانکاتدا هێرش بۆسەر رۆژاوای کوردستانیش هەر درێژەی هەیە.
پێویستە هەموو هێزە کوردستانیەکان لە دژی ئەو هێرشانە هەڵوێست بگرن. بەو بۆنەیەوە ئێمە بانگی هەموو کوردو کوردستانیان دەکەین لەدژی ئەو هێرش و داگیرکاریانە راوەستن. دەنگی ناڕەزایەتی بڵند بکەن و شان بەشانی هێزەکانی پارستنی کوردستان لەتێکۆشاندا بن.
سەرەڕای لەم هەلو مەرجەش، ئێمە هیوادارین و لەو بڕوایەشداین کە گەلی ئێمە لە دەمێکی نزیکدا بە خۆشی و ئاشتی جەژن بکەن. جەژن و شادی لەسەر خاکی ئازادی خۆیان بکەن. بەو بۆنەیەوە ئێمە جەژنی قوربان سەرەتا لە زیندانیان و شەروانانی ئازادی و هەموو گەلی کوردستان و تەواوی جیهانی ئیسلام پیرۆز دەکەین".