کەنەکە: لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان دەنگ هەڵبڕن!

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) داوای لە هەموو هێزە کوردی و کوردستانیەکان کرد؛ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزن، هەڵوێستی توند بەرامبەر ئەو هێرشانە بگرن و شەرمەزاریان بکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە سەر باشوری کوردستان، هاوکاریکردنی پەدەکە و چاوساغیکردنی بۆ دەوڵەتی تورک، ڕاگەیانداراوێکی نوسراوی بڵاوکردە.

لە ڕاگەیاندروەکەدا ئەوە هاتوو: " دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە تەنیا ناتوانێت درێژە بە هێرش و داگیرکارییەکانی بدات ئەگەر بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەک وهاوکاری یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت".

درێژەی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:

"لە رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤دا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە لە ناوچەی بەهدینان هێرشیان کردە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی بەشیر عومەر عەلی و عارف تەها خەڵکی گوندی کافیە لەسەر دینارت شەهید کرد. ئەو شەهیدانە خەڵکی سڤیل بوون و لەگەڵ خەڵکی گوندەکەدا لە باخ و کێڵگەکانیان پێکەوە کاریان دەکرد.

ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی داگیرکەر بە هێرشەکانی خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج. لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی ١٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هەمان ناوچەدا تووشی هێرشی لەو شێوەیە بوون و گیانیان لەدەستداوە. ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم هێرشانە ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین. سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری ئەو کەسانە دەردەبڕین کە گیانیان لەدەستداوە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە تەنیا ناتوانێت درێژە بە هێرش و داگیرکارییەکانی بدات ئەگەر بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەک وهاوکاری و یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت.

مەبەست و ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زۆر ڕوون و ئاشکران، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دەیەوێت بەبێ جیاوازی هەموو خەڵکی سڤیل بکاتە ئامانج، خەڵکی ناوچەکە جینۆساید بکات و هەرێمەکە لە دانیشتووانی مەدەنی چۆڵ بکات بە ئامانجی هێرش و داگیرکاریی زیاتر.

دیارە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بە دڵی حکومەت و دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانە. هەربۆیە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی پارتی دێموکراتی کوردستان گرنگی بە ناوچەکە و  خەڵکی مەدەنی نادەن. تا ئەمڕۆش هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر بەو هێرشانە دەرنەبڕیوە و ئیدانەیان نەکردووە.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هەموو ئەو هێزە کوردی و کوردستانیانە دەکەین کە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزن، هەڵوێستی توند بەرامبەر ئەو هێرشانە بگرن و شەرمەزاریان بکەن".