بە دیمەن

کتێبی ڕێبەری گەلی کورد بە خوێندکارانی ئەرمەنی ناسێنرا

کتێبی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە وەرگێڕاوە بۆ زمانی ئەرمەنی، لە قوتابخانەی پەروەردەیی مختار سیباساتسی ئەریڤان بە خوێندکاران ناسێنرا.

کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان

کتێبی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان "شارستانییەت، سەردەمی خوداوەندە دەمامکدارەکان و پاشا داپۆشراوەکان" کە بەم دواییە وەرگێڕاوە بۆ زمانی ئەرمەنی لە قوتابخانەی پەروەردەیی مختار سیباساتسی ئەریڤان بە خوێندکاران ناسێنرا.

مامۆستایان و دەیان خوێندکار لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون. مێژوونووس ئارمەن ڤۆسکانیان، هاوسەرۆکی کۆمیتەی کوردستان سیلۆ دربۆیان و ڕۆژنامەوان لیانا میهۆیان وەک قسەکەر بەشداربوون.

ئارمەن ڤۆسکانیان ڕایگەیاند دەمێکە چاوەڕێیە ئەم کتێبە وەربگێڕدرێت بۆ زمانی ئەرمەنی، ئاماژەی بەوە کرد ئەم کتێبە لە هەلومەرجی سەختی گۆشەگیری نوسراوە و زۆر بەنرخە و گوتی: "ئەم کتێبانە لە ٥ بەرگ پێکدێت، بەرهەمی لێکۆڵینەوە و خەباتێکی بەرفراوانە. هەموو مژارێک بە قووڵی و بەرفراوانی وتوێژی لەسەر کراوە".

ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای ئەوەی ٢٠ ساڵ تێپەڕیوە هێشتا پێشبینی جدی تێدایە و کاتێک خوێندمەوە باوەڕم نەکرد ٢٠ ساڵ پێشتر نووسراوە، گوتی: "پێشبینییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان یەک بە یەک دێنەدی. وەرگێڕانی بۆ ئەرمەنی بۆ هەردوو میللەتەکە گرنگە. دەوڵەتی تورک هەرچەند زەخت و گوشار لە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای عەبدوڵا ئۆجالان بکات، سەر ناکەوێت. عەبدوڵا ئۆجالان هەرچەن لە زیندانە، بەڵام بە کتێبەکانی فیکر و فەلسەفەی خۆی گەیاندۆتە هەموو جیهان. خاوەنی چەندین شێوازی بەرخۆدانە. یەک لەوانەش ئەم کتێبەیە".

ڕۆژنامەوان لیانا میهۆیان ڕایگەیاند پردێکی پەیوەندی لەنێوان کورد و ئەرمەن دروستبووە، گوتی: "ئەم پەیوەندییە لەسایەی ئەم کتێبەی عەبدوڵا ئۆجالان و فەلسەفەکەی بەگشتی، بەهێزتر دەبێت".

هاوسەرۆکی کۆمیتەی کوردستان سیلۆ دربۆیان لەسەر پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوا و ڕایگەیاند سیستەمێکی کۆنفیدراڵی ئافراندووە و ئەم سیستەمە لای هەموو بندەستان و خوازیارانی یەکسانی و دادپەروەری قبووڵکراوە، ئێستەش گەلان دەیانەوێت خۆیان لە قەیرانەکانی سەرمایەداری ڕزگار بکەن و ژیانێکی ئازاد بژین، گوتی: "تاکە ناونیشانی ژیانێکی نوێ و ئازاد و یەکسان و دادپەروەر لە فەلسەفە و ڕامانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندایە. کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان، دەرمانی ئەو نەخۆشییانەیە وا سەرمایەداریی ئافراندوویەتی. سیستەمێکی دامەزراندووە هەموو گەلان دەتوانن پێکەوە بە یەکسانی و ئازادی بژین. لە کتێبەکانیدا بە قووڵی و بەرفراوانی باس لەمە دەکات".

لەکۆتایی چالاکییەکەدا کتێبی "شارستانییەت، سەردەمی خوداوەندە دەمامکدارەکان و پاشا داپۆشراوەکان" بە دیاری بەخشرایە خوێندکاران.