کوردستانیان لە میونیخ: دەبێت سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێتەوە

لە شاری میونیخ بۆ ئەو ژنانەی لەژێر هەڕەشەی سزای لەسێدارەدانن چالاکییەک بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا داوا کرا دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی سەر وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێنرێتەوە.

لە شاری میونیخی ئەڵمانیا بۆ پشتیوانی لە کەمپەینی "سێشەممەی نا بۆ سزای لە سێدارەدان" کە لەلایەن زیندانیانی سیاسی لە ٣٨ زیندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە چالاکیی سێیەمدا باس لەوە کرا کە دەوڵەتی ئێران بەردەوامە لە بەکارهێنانی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان و داوا کرا دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی سەر وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێنرێتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "داوا دەکەین دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی سەر وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێنرێتەوە. لە کاتی دادگاییکردنی سێ زیندانی سیاسیدا، بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە ڕێگە نەدرا ڕۆژنامەنووسان و گەل بەشداری دانیشتنەکە بکەن. بەمەش زیندانییە سیاسییەکان لە مافە ڕەواکانیان بێبەشکراون".

لەسەر ناوی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) گوترا: "دەبێت لە چوارچێوەی کەمپەینی 'نا بۆ لەسێدارەدان لە ئێران' لە هەموو گۆڕەپانێک و لەبەردەم زیندانەکان دژی سزای لەسێدارەدان چالاکی ئەنجام بدرێت'. پەژاک لەکۆتاییدا داوای هەستیاری لە هەمووان کرد.