لە بێرمینگهام یادی سۆرانی مامە حەمە کرایەوە

لە سەنتەری شاری بێرمینگهامی بەریتانیا ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری ڕەوەندی کوردی کە لە سەرجەم شارەکانی وڵاتی بەریتانیاوە هاتبوون، ئەنجومەنی چالاکیەکانی کوردانی بەریتانیا، یادی چواردەساڵەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمەی کردەوە .

لە میانەی بەرز ڕاگرتنی ساڵڕۆژی تیرۆر کردنی سۆرانی مامەحەمە ئەنجومەنی چالاکیەکانی کوردانی بەریتانیا بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە و  پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی کرد .

ئامادەبووان بەجۆش و خرۆشەوە دروشمی دژ بە بکوژانی سۆرانیان وتەوە و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیان شەرمەزار کرد .

لەبەشێکی تری مەراسیمەکەدا ئەنجومەنی چالاکیەکان جەختی کردوەوە کەوا بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی ، بەهەموو توانای خۆیەوە بەشێوازی مەدەنی و یاسایی ڕێپێدراو لە بەگژداچوونەوەی  ستەمکاری دەسەڵاتی کوردی و لە سەنگەری بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان درێژە بە چالاکی و خەباتی خۆی دەدات .

ئەوەی جێی سەرنج بوو ،جیاواز لە جارەکانی تر ژمارەیەکی زۆری ڕەوندی کوردی ئامادە بوون و جۆش و خرۆشیان بۆ زیندوو ڕاگرتنی  یادی تیرۆرکردنی سۆران و ئیدانە و ڕسواکردنی بکوژانی یەجگار زۆر بوو.

ف.ق