لە چەندین شار هێرشکردنە سەر دایکانی شەممە شەرمەزارکرا

پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر چالاکییەکەی دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای، دژی ئەم هێرشانە لە چەندین شاری کوردستان و تورکیا ناڕەزایەتی دەربڕا.

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، لە چەندین شار دژی هێرشکردنە سەر دایکانی شەممە ناڕەزایەتی دەربڕی.

وان

لە وان، دژی ڕێگری کردن لە دایکانی شەممە ناڕەزایەتی دەربڕا. پارێزگای وان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هەموو چالاکییەکی قەدەغە کرد. پۆلیس ئەم بڕیارەی کردە پاساوێک و نەیهێشت ڕاگەیاندراوەکە بخوێنرێتەوە. بەم هۆیەوە، چەند کەسێک لەبەردەم لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە وان کۆبوونەوە، بەڵام پۆلیس بە زەبری هێز ناچاریکردن بچنە ژوورەوە. پۆلیس دەرگای کۆمەڵەکەی بەست و ڕێگەی نەدا کەس بچێتە ژوور یان بێتە دەرەوە. هەروەها ڕێگە نەدرا ڕۆژنامەوانەکان وێنە بگرن. هاوسەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە وان، فورات دورماز، لەنێو گەمارۆی پۆلیسدا ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ئاماژەی کرد بە بڕیاری دادگای دەستووری پەیوەست بە دایکانی شەممە.

ڕحا

لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ڕحا، لەبەردەم بارەگاکەی ڕاگەیاندراوێکی لەم بارەیەوە خوێندەوە. سکرتێری لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ڕحا، سەنگوڵ ئەرپا ڕایگەیاند،  بەدوای ونبووەکانمان دەگەڕێین و لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران دەکەین.

ئەزمیر

لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەزمیر، لەبەردەم بانکی سۆمەر لە کوناک، وەک پشتیوانییەک بۆ دایکانی شەممە، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. لافیتەیەک بەرزکرایەوە بە درووشمی "ونکردنەکان دیارن، تاوانباران لەکوێن؟" و "ئەوەی ونبووە ویژدانە، خاوەندارێتی لێ بکەن". چەندین هاوڵاتی و ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە بەشداربوون.

هاوسەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەزمیر، زیلان گوموش، گوتی: "ئەوانەی دەیانەوێت بە یاسا و فشار و توندوتیژی سەرکوتمان بکەن، باش دەزانن ئێمە دەستبەرداری ونبووەکانمان نابین. هاوار دەکەین لەپێناو ئازادی، یاسا دەبەزێنین، بانگەواز دەکەین بۆ دیموکراسی و کاردەکەین لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی جڤاک. دەنگمان هێزمانە، بێدەنگ نابین".

پاش گردبوونەوەکە، ڕاگەیاندراوەکە کۆتایی هات.

ئەدەنە

لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەدەنە ویستی ڕاگەیاندراوێک بخوێنێتەوە، بەڵام پارێزگای ئەدەنە ڕێگەی نەدا بەو پاساوەی "دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی خەڵک و ئۆتۆمبیلەکان". پۆلیس گەمارۆی ئەندامانی کۆمەڵەکەی دا، ئەوکاتەی لە پارکی ئینۆنو کۆبوونەوە. هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەدەنە، ئەعقوب ئاتاش، گوتی: "چەک و بەردمان لەدەست نییە، دەمانەوێت مافەکانمان پیادە بکەین. پارێزگار ڕێز لە یاساکانی دادگای باڵای دەستووری ناگرێت، بۆیە ئێمەش ڕێز لە بڕیارەکانی پارێزگار ناگرین".

دژی بڕیارەکەی پارێزگار، چالاکییەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

١٨ کەس دەستگیرکران

پۆلیس هێرشی کردە سەر ئەندامانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، ئەوکاتەی ویستیان گردبوونەوەیەک ئەنجام بدەن. هەریەک لە هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە یەعقوب ئاتاش، بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەکە هاڤین ئۆڵماز و زەهرا ئۆزکان و تەبەردار ئەلیک و بەلگین ئیشیک و عەزیز ساری، هەروەها ئەندامانی کۆمەڵەکە، پارێزەر ئیلهان ئۆنکور و پارێزەر سەرحەد ئۆکمەن، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئەدەنە، محەمەد کاراکیش، بەڕێوەبەرانی هەدەپە سانیە سەچگین و نیهاد دۆگانەر و چەتین ئای، سەرۆکی پێشووی سەندیکای پارێزەرانی ئەدەنە، مەنگوجەک غازی چەترەک، حەسەن کارابوڵوت، موسلیم ئەلیک، نیهاد دۆگانەر، سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخ، ئومێد بویوکداغ دەستگیرکران.

کاتی هەڵکوتانەسەری پۆلیس، پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، حەمدوڵا یەگیز کەسەن کەوتە سەرزەوی و سەری کێشای بە کۆنکرێتەکەدا، بەهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.