لە فەرەنسا تیرۆریستان ئازادن، کۆچبەرانی کورد دیپۆرت دەکرێنەوە

یەک لەوانەی هەوڵیاندا لە بەلژیکا بەڕێوەبەرانی کورد تیرۆر بکات لە فەرەنسا بە ئازادی دەگڕێت، بەڵام کۆچبەرێکی دیکەی کورد ڕادەستی تورکیا دەکرێتەوە.

دەربارەی یەک لە ئەندامانی تیمی تیرۆرکردنی تورک زەکەریا چەلیک بیلەک کە ماوەیەک پێش ئێستە لە بەلژیکا تۆمەتبار کرا، هیچ بڕیارێک بۆ زیندانیکردنی دەرنەچوو. فەرەنساش لە مانگەکانی دواییدا چەندین کۆچبەری کوردی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردۆتەوە.

کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی فەرەنسا (جەدەکە-فە) ڕایگەیاند چالاکوانی کورد محەمەد کۆپال، ٩ ی نیسانی ٢٠٢٤ دیپۆرت کراوەتەوە، جەدەکە-فە ئەم کارەی بەتوندی شەرمەزار کرد.

پێش دوو هەفتە چالاکوانی کورد فیراز کۆرکماز دیپۆرتکرایەوە و زیندانی کرا.

جەدەکە-فە دەڵێت: "ئەم دیپۆرتکردنەوەیە، بەرئەنجامی هاوکاری نێوان بەرپرسانی فەرەنسا و تورکە، ئەمە قبووڵ ناکرێت و لەگەڵ بەها مرۆڤایەتییەکان یەک ناگرێتەوە".

جەدەکە-فە ڕایگەیاند هیچ زانیارییەک نییە دەربارەی چالاکوانێکی تری کورد بە ناوی سەرحەد گوڵتەکین کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا دیپۆرت بکرێتەوە، ئەمەش مایەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییە.

جەدەکە-فە ئەم کارەی بەرپرسانی فەرەنسا شەرمەزار دەکات و داوای پشتیوانی نێونەتەوەیی دەکات بۆ پاراستنی مافی چالاکوانانی کورد.

فەرەنسا یەک بە یەک کۆچبەرانی کورد دیپۆرت دەکاتەوە، بەڵام ئەوانەی هەوڵی تیرۆرکردنی کوردان دەکەن، بە هیچ جۆرێک دادگایی ناکرێن.

یەک لە ئەندامانی تیمی تیرۆرکردنی تورک زەکەریا چەلیک بیلەک ساڵی ٢٠١٧ هەوڵیدا هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەمزی کارتاڵ و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە زوبەیر ئایدار تیرۆر بکات، بەگوێرەی ڕۆژنامەی لا پۆینت ـی فەرەنسی لە شاری ڕیمسی فەرەنسا بە سەربەستی دەژی.

دادگای بەلژیکا پێش ماوەیەک لەسەر دۆزی تیرۆرکرد سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەر ئەندامانی میتی تورک زەکەریا چەلیک بیلەک و یەعقوب کۆچدا سەپاندبوو. یەعقوب کۆچ کە بەرپرسی گرووپەکە بوو، بەرەو تورکیا هەڵات و چەلیک بیلەک لە فەرەنسا دەژی. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، زەکەریا چەلیک بیلەک هاوکات کار بۆ هەواڵگریی فەرەنساش دەکات.

ڕۆژنامەوانانی فەرەنسی گولاومێ پێرەر و لاورێ مارچاند لەم بارەیەوە هەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی "ئاخۆ فەرەنسا تاوانەکانی دەزگای هەواڵگریی تورک دەشارێتەوە؟".