لە کۆبوونەوەکەی کەنەکە پەیامی یەکێتی نەتەوەیی بەرامبەر دوژمنانی کورد دووپاتکرایەوە

نوێنەری پارت و پێکهاتە کوردستانییەکان لە ٢٢ هەمین کۆبوونەوەی سەرەتایی جڤاتی گشتی کەنەکە قسەیان کرد، بەرامبەری هێرشەکان پەیامی یەکێتی نەتەوەییان دووپاتکردەوە.

کۆبوونەوەی سەرەتایی مەجلیسی کەنەکە

لە بەشی پاش نیوەڕۆی ٢٢ هەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نوێنەری پارت و ڕێکخراو و دامەزراوە کوردییەکان پەیامی یەکێتی نەتەوەییان دووپاتکردەوە.

عومەر: دەبێت دەسکەوتەکانی کوردان بپارێزین

لەسەر ناوی بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، دکتۆر عەبدولکەریم عومەر تیشکی خستەسەر پێشهاتە نوێیەکانی ڕۆژئاوا و گوتی: "پێویستە لەسەر بناغەی یەکێتی نەتەوەیی لەسەر چۆنێتی پاراستنی دەسکەوتەکانی کوردستان مامەڵە بکەین".

ڕایگەیاند لە باشور و ڕۆژئاوا بە هەزاران قوربانی ستاتۆی کوردان پێکهات، لە باکوری کوردستان سەرەڕای فشارە زۆرەکانی دەسەڵات، دەسکەوتی باش لە هەڵبژاردنەکان بەدەستهات.

ڕایگەیاند تا پرسی کورد چارەسەر نەبێت، شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین نابڕێتەوە، جەختی کردەوە دەسکەوتەکان لە مەترسیدان و میلیشاکانی ئێران و ڕژێمی سوریا هەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکەن و پلان دادەڕێژن و دەوڵەتی تورکیش هاوکارە و بە هێرشی ئاسمانی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، ڕفاندن و برسیکردن و ترساندنی هاوڵاتیان ئامانجیانە.

هەروەها تیشکی خستەسەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و گوتی: "هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر یەنەکە هەیە، دەوڵەتی تورک و ئەردۆگان بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورد کاری دیپلۆماسی خۆیان بەردەوام دەکەن. لەم سەدەیەدا سیاسەتی لەناوبردنی کورد زیاتر پێش دەخەن. پارت و بزووتنەوە کوردییەکان پێویستە نەبنە یارمەتیدەر، تێکەڵی گەمەکان نەبن و نەبنە بەشێک لەو یارییانە".

جەمال: پێویستە یەکێتی نەتەوەیی پێک بێت

لەسەر ناوی بزووتنەوەی گۆڕان، فواد جەمال داوای کرد یەکێتی نەتەوەیی بکرێتە بناغەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و گەلی کورد لە هەموو جێگەیەک دژی ئاسیمیلاسیۆن زمان و چاندی خۆیان بپارێزن.

ئازادی: پێویستە گرنگی بدەین بە زمانی کوردی

لەسەر ناوی کوردانی کازاخستان گوڵنار ئازادی گوتی: "ئێمە لەسەرانسەر جیهان بڵاوبووینەتەوە. ئەگەر زمانی کوردی بە مناڵەکانمان نەگەیەنین، نەوەکانمان بە چاندی خۆیانەوە نەژین، لەناودەچین".

"پێویستە خاوەنداری زیاتر لە تەڤگەری ئازادی بکرێت"

لەسەر ناوی پارتی کۆمۆنیستی ئێران، تیشکخرایە سەر فشارەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی فشاری سەر ژنان، هەروەها چۆن ئەم شۆڕشە بۆتە هیوایەک بۆ مافی ژنانی جیهان و ناساندنی تێکۆشانی جڤاکی کورد لە جیهاندا.

هەروەها نوێنەری پارتەکە ڕایگەیاند کۆمەڵکوژی و ستەمی ئێران بۆ سەر شارە کوردییەکان لە وێرانکردنی سرووشتدا خۆی دەردەخات، ڕایگەیاند تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە چوار پارچەی کوردستان بۆتە هیوای هەموو کوردێک و پێویستە زیاتر خاوەنداری لێ بکرێت.

سەربڵند: هەموو پارتە کوردییەکان بەشداری ئەم خەباتە ببن

سەرۆکی پارتی ئیسلامیی کوردستان (پیک)، حیکمەت سەربڵند سڵاوی لە هەموو ژنانی کورد کرد و خەباتی کەنەکەی بۆ یەکێتی نەتەوەیی پیرۆز کرد، گوتی: "ئەوانەی لەدەرەوەی ئەم خەباتەن، پێویستە لەسەر ئەم هێڵە بەشداری خەبات بکەن. بۆ ئەوەی هەمووان لەسەر هێڵی نەتەوەیی و تێکۆشان بجووڵێنەوە، پێویستە خەباتی هەمەلایەن بکرێت".

ئاماژەی بەوە کرد ئەوانەی کوردستان داگیردەکەن و ستەم لە کورد دەکەن دەوڵەتانی ئیسلامین، بەڵام گەلی کورد ئازادی دەوێت و پاراستنی دەسکەوتەکانی ئەم گەلە فەرزە، پێویستە خاوەنداری لە تێکۆشان و قوربانیدانی شەڕڤانانی ئازادی کوردستان بکرێت، تیشکی خستەسەر ترسی ئاکەپە و مەهەپە لەپاش شکستی هەڵبژاردن، گوتی: "دەیانەوێت ڕۆژەڤێکی نوێ بخوڵقێنن، دەیانەوێت لەسەر بناغەی نەژادپەرستی ڕۆژەڤێک بخوڵقێنن و ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشێکی مەزن بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. پێویستە گەلی کورد بەرامبەر ئەم هێرشانە بە یەکێتی و یەکدەنگی، دەسکەوتە نەتەوەیەکانی بپارێزێت".

ئۆگەر: ژنانی کورد بەرپرسیارێتی خۆیان دەزانن

لەسەر ناوی بزووتنەوەی ژنانی کورد، سوڵتان ئۆگەر سەرەتا لەیلا قاسم و ساکینە جانسز و ژینا ئەمینی و هەڤرین خەڵەفی بیرهێنایەوە، تیشکی خستەسەر داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و وێرانکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆچبەرکردن لە کوردستان، گوتی: "وەک بزووتنەوەی ژنانی کورد بۆ ڕێگری لە لۆزانێکی نوێ، ئازاد ژیانی گەلی کورد لەسەر خاکەکەی، وەک ژنان خۆمان بە بەرپرسیار دەبینین".

قاسم: خاکەکەمان ئازاد دەکەین

سەرۆکی بزووتنەوەی ژیانەوەی کوردستان، دکتۆر ڕزگار قاسم گوتی: "وەرن یەکبگرین و تێکۆشان بۆ ئازادکردنی خاکەکەمان مەزن بکەین".

شەماڵ: ڕۆڵی مێژوویمان دەگێڕین

لەسەر ناوی یەنەکە، شێخ شەماڵ داوای لە هەموو پارتە کوردییەکان کرد یەکێتی نەتەوەیی پێک بهێنن چونکە گەلی کورد و دەسکەوتەکانی لە مەترسیدایە، ڕۆژهەڵاتی ناوین لەبەردەم پێشهاتی گەرمدایە، داوای کرد چیتر وەک کوردان ڕۆڵی مێژوویی خۆمان بگێڕین.

موسلیم: گەلەکەکان ڕێکخراوتر و بەهێزترە

هاوسەرۆکی پەیەدە، ساڵەح موسلیم لەڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداربوو، گوتی: "لە بەرامبەر هێرشەکاندا، گەلی کورد وەک جاران نییە، ڕێکخراوتر و بەرپرسیارتر دەجووڵێتەوە. هێرشەکان هەن و بەردەوامن. گەلەکەمان دژی هێرشەکان بەرخۆدانیان کرد. شەڕێکی شۆڕشگێڕی ئەنجامدرا".

موسلیم تیشکی خستەسەر دەسکەوتە تەکنیکییەکانی گەریلا و ڕایگەیاند ئەمە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ هەموو کوردان، داوای کرد گەلی بە یەکگرتووی ڕووبەڕووی هەموو هێرشێک ببێتەوە، ئەگەر وەها بکەن، هەرگیز دوژمن سەرناکەوێت.

نوێنەری باوەڕ و گەلە جیاوازەکان بانگەوازیان کرد بۆ یەکێتی

سیاسەتمەداری کورد، سەلیم سەداک دژی هێرشی سەر کوردان بانگەوازی یەکێتی کرد.

چەندین سیاسەتمەدار و نوێنەری ڕێکخراو و دامەزراوەکان، بەتایبەت نوێنەری باوەڕ و ئیتنیک و گەلانی کوردستان وەک ئێزدی و ئاشووری و سوریانی و یارسان قسەیان کرد و تیشکیان خستەسەر گرنگی یەکێتی نەتەوەیی.