لە مارسیلیا شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی یادکرانەوە

لە مارسیلیا، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە)، مەراسیمێکی مەزن ڕێکخرا بۆ یادکردنەوەی باران ماوا و دەلیل چیاگەر و جەسور ئازاد و شەهیدانی چالاکی ڕۆژووگرتنی مردنی مەزن.

مەراسیمەکە لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بەڕێوەچوو بۆ یادکردنەوەی، کادری پێشەنگی کۆمەڵەی گەنجان، باران ماوا (عەلی ئۆنجو) کە لە ٧ ی تەمموزی ٢٠١٨ لە هەرێمی فەراشینی جولەمێرگ بە هێرشی داگیرکەری تورک شەهید بوو؛ دەلیل چیاگەر (ڕێزان بیلکای) کە ٢٣ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە مەتینا شەهیدبوو؛ جەسور ئازاد (ئەدیب تەمیز) کە لە ١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە هێرشی دوژمن شەهیدبوو؛ هەروەها شەهیدانی ڕۆژووگرتنی مردنی مەزن، هەریەک لە کەمال پیر و خەیری دروموش و عەلی چیچەک و عاکیف یەڵماز.

لە ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد لە مارسیلیا، بە سەرپەرشتی تەڤگەری گەنجان شۆڕشگێڕ، گۆشەیەکی هۆڵەکە بۆ وێنەی شەهیدان ڕێکخرا و بە مۆم ڕازێنرانەوە.

پاش پێشکەش کردنی بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی شەهیدان، وتارێک پێشکەشکرا، تێیدا هاتبوو: "ئێمە قەرزاری هەڤاڵە شەهیدەکانین، خەبات دەکەین بۆ دانەوەی ئەم قەرزە. دەبێت هەموو کەس و بنەماڵە و مناڵێک ڕاستی گەریلا و ڕێبەر بناسن. هەڤاڵە شەهیدەکان لەنێو ئێمەوە دەرچوون و لە چیاکان خەباتیان کرد. با تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی گەریلا بکەینە بناغە لە یادی سەد ساڵەی لۆزان و لەسەر ڕێگەیان بەردەوام بین".

سەبارەت بە شەهیدانی ڕۆژووگرتنی مردنی مەزن گوتیان: "بە ڕۆح و فەلسەفەی ١٤ ی تەمموز خەباتەکەمان گەیشتە ئەم ڕۆژە. هەرگیز ناتوانن ئەم ئیرادەیە ملکەچ بکەن. هەموو ئەشکەنجەیەکی فاشیستانەیان تاقیکردووە، بەڵام ئێمە لە بەرخۆدان و تێکۆشان نەوەستاین".