لە میانی ئیشکگریی دادپەروەریدا جەژنی ڕەمەزانیش پیرۆز کرا

دایکانی ئاشتی و کەسوکاری زیندانیان لە جەژندا درێژەیان بە ئیشکگریی دادپەروەری دا و پیرۆزباییان ئاراستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیان کرد.

ئیشکگریی دادپەروەریی

چالاکی ئیشکگریی دادپەروەری بنەماڵەی زیندانیان و دایکانی ئاشتی بە داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری کێشەی کورد لە بارەگای پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کە لە مێردین دەستیپێکردووە، لە ڕۆژی ٩٤ـەمیندا بەردەوام بوو. لە یەکەم ڕۆژی یەکەمی جەژنی ڕەمەزان خەڵکێکی زۆر سەردانی چالاکوانانی کرد. لە میانی چالاکییەکەدا گۆرانی شۆڕشگێڕی و بەردەوام دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان دەوترانەوە.

لە سەردانەکەدا سیاسەتمەدارانی شار و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوسەرۆکانی شارەوانی پارتی دەم پارتی سەردانی چالاکوانانیان کرد.هەروەها جەژنی ڕەمەزان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرا و داوای ئازادی جەستەیی بەرێزی کرا.

هاوکات دایکانی ئاشتیی قسەیان کرد و پیرۆزبایی جەژنیان لە ڕێبەر ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ئاماژەیان بەوەشکرد، داواکاری ئەوان ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسییە، ڕوونیان کردەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا چالاکییەکەیان دەگوازنەوە بۆ قۆناغێکی دیکە و وتیان ئێمە دەمانەوێت پەرە بە چالاکییەکانمان بدەین، لەو چوارچێوەیەدا داوا لە گەلەکەمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پاریزوانانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بە هەموو توانایەکیانەوە پشتیوانیمان بکەن. بەو هیوایەی جەژن ببێتە وەسیلەی ئازادی و سەرکەوتنی گەلەکەمان."