تورکە ڕەگەزپەرستەکان لە شاری مێرسین-ی تورکیا هێرشیانکردووەتە سەر خانەوادەیەکی کوردی خەڵکی هەولێر، کە بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی ئەو شارەیان کردبوو، بەهۆیەوە باوک و کوڕەکە بەسەختیی برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
دوێنی پێنجشەممە لە سەر ڕێگای نێوان هەردوو شارۆچکەی بۆزیازی و گۆسوجە-ی سەر بە پارێزگای مێردین، لەلایەن چوار کەسەوە ڕێگریی لە خێزانێکی کوردی خەڵکی شاری هەولێر دەکرێت، کە بەمەبەستی گەشتکردن ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، دوای سووکایەتیی پێکردن و جنێودان بە کورد، بە بەرد و دار هێرشیان کردووەتە سەر خانەوادەکە.
وەک لە ڤیدیۆکاندا کە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، هێرشکارەکان هێمای گورگیان بەڕووی ئەو خانەوادەیەدا بەرزکردووەتەوە، کە ئاماژەی نەتەوەپەرسیی تورکیە.
بەهۆی هێرشەکەوە باوک و کوڕی خانەوادەکە بریندار دەبن، وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت یەکێک لە بریندارەکان لەسەر ڕێگاکە درێژکراوە و بەهۆی برینەکەیەوە خوێنی لەبەر ڕۆشتووە و ژنێکیش بەدیارییەوەیەتی.
'هەوڵ دەدەن لە بەرازاییەکەوە بیخەنە خوارەوە'
هێرشکارەکان بە بەرد و دار لە سەری باوک و کوڕە ١٢ بۆ ١٣ ساڵانەکەیان دەدان، پیاوەکە بەهۆی برینەکەیەوە لەهۆشی خۆی چوو، هێرشکارەکان هەوڵیاندەدا پیاوەکە لە بەرزاییەکەوە فڕێبدەنە خوارەوە.
ک-ش