لە پاریس ڕادەستکردنی کوردان بە دەوڵەتی تورک شەرمەزارکرا

دژی ڕادەستکردنەوەی ٣ چالاکوانی کورد بە دەوڵەتی تورک لەلایەن فەرەنساوە، کوردستانی و دۆستەکانیان ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

سیاسەتی تاوانبارکردن

فەرەنسا بەشێوەی نایاسایی ٣ گەنجی کوردی دیپۆرت کردۆتەوە و لەماوەی ٢ هەفتەدا ڕادەستی دەوڵەتی تورکی کردوون، گەلی کوردستان ئەم کارەی دەوڵەتی فەرەنسایان شەرمەزار کرد.

جەماوەر لەسەر بانگەوازی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی فەرەنسا (جەدەکە-فە) لەبەردەم نووسینگەی زانیاری کوردستان لە پاریس کۆبوونەوە و تا گۆڕەپانی ستالینگراد ڕێپێوانیان کرد.

سەدان کەس و دۆستانی گەلی کورد و کاندیدانی فەرەنسی دایال سیمۆنت و ئێلی جۆسێلین و دۆمینیک سۆپۆ بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەنجان" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

لە گۆڕەپانی ستالینگراد پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەسترا.

لەوێدا دووپاتکرایەوە، گەلی کوردستان بەرامبەر سیاسەتە قێزەونانە سەر نەوی ناکات، هەرگیز نەترساوە و ناترسێت.