لە شاری سلێمانی سەبارەت بە ڕۆژنامەگەری کوردیی سیمپۆزیۆمێک بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی، لە پەیمانگای بڕایت، بەبۆنەی یادی ١٢٦ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، بە ئامادەبوونی مامۆستایان و میدیاکاران، سیمپۆزیۆمێک بەڕێوەچوو.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەبۆنەی یادی ١٢٦ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە، لە گەڕەکی تاڤگەی شاری سلێمانی، لە پەیمانگای بڕایت، بە هاوبەشی هەردوو پەیمانگای بڕایت و پەیمانگای تەکنیکی بڕایت، سیمپۆزیۆمێک بە ئامادەبوون و بشداربوونی چوار پانێڵیست و چەندین میدیاکار و ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانکۆ بەڕێوەچوو.

سیمپۆزیۆمێکە بە ناونیشانی ' ژینگەی کاری میدییای لە هەرێمی کوردستان' لەلایەن هەریەک لە پانێڵیستان ڕۆژنامە نووس محەمەد ڕەسوڵ، مامۆستا کرمانج ڕەسوڵ، ڕۆژنامەنوس محەمەد ڕەئوف، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئیبراهیم سەعید بەڕێوەچوو.

پانێڵی یەکەم سەبارەت بە ساختەکاری میدییای و کاریگەری لەسەر ئاڵۆزی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بوو، هەر یەک لە پانێڵیستان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە میدیای ئەمڕۆ، بەتایبەت میدیای لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆن پشێویی و ساختەکارییان خستۆتە ناو هەواڵەکان و دەروونی خەڵکیان شێواندووە و میدیا پێویستی بە ئەخلاق و مەبدەئی گشتییە.

پانێڵی دووەم سەبرەت بە کاریگەری میدیای نوێ باو بوو لەسەر دروستکردنی ڕەفتاری توندوتیژی، بە ئامادەبوونی دکتۆر هونەر ڕەسوڵ ژاژڵەیی، دکتۆر چۆڵی ئەسعەد، مامۆستا دەریا عەبدوولوەهاب، و تێیدا گفتوگۆیەکی چڕ لەم بابەتەوە کرا.

لە کۆتایی پانێڵەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی پانێڵیستەکان کرا لەلایەن مامۆستا محەمەد ڕەسوڵەوە، کە بەڕێوەبەری پانێڵەکە بوو.

هـ . ب