لە شەهبا پانێڵێک دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی ژن بەڕێوەچوو

پەیەدە_عەفرین بەبۆنەوەی ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز پانێڵێکی ڕێکخست، بەشداربووان دووپاتیان کردەوە، شۆڕشەکە وەڵامێک بووە بۆ دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی لۆزان.

پانێڵەکە لە کەمپی سەردەم لە شارۆچکەی ئەحداس لە کانتۆنی شەهبا بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی چالاکییەکان بەبۆنەوەی ١١ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزی ٢٠١٢.  

پانێڵەکە بە درووشمی "بە ڕۆحی ژنانی بەرخۆدەر و ئیرادەی گەلانی شۆڕشگێڕ، شۆڕشی ١٩ ی تەمموز بڵند دەکەین" بەڕێوەچوو، ئەندامانی پەیەدە و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان بەشداربوون.

بەڕێوەبەری پەیەدە_لقی عەفرین، سورەیا موستەفا، لە وتەی پێشوازیدا، ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی شۆڕش لە ڕێکخستنی گەل و گوتی: "گەل لە سفرەوە دەستیپێکرد و لەڕێگەی شۆڕشەوە ڕیزەکانی ڕێکخست، شۆڕشی بونیای جڤاکی پتەوتر کر. شۆڕش دەرفەتی دایە پێکهاتەکان تا بەزمانی خۆیان بخوێنن، بەتایبەت کوردەکان".

دەربارەی ڕۆڵی ژن لە شۆڕشدا، سورەیا گوتی: "ژنان بناغەی شۆڕشن. لە شۆڕشدا هەنگاوی گەورەیان هاویشت. ژنان لەڕێگەی شۆڕشەوە خۆیان ناسی"، بانگەوازی لە ژنان کرد "تێکۆشانەکەیان بەتینتر بکەن".

پاشان ژمارەیەک لە بەشداربووانی پانێڵەکە باسیان لە گرنگی شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد لەسەر بناغەی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وەک وەڵامێک بۆ دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی لۆزان (٢٤ ی تەمموزی ١٩٢٣)، دووپاتیان کردەوە، ئەم سەدەیە، دەبێتە سەدەی بەدیهاتنی داخوازی ئازاد و دیموکراسیی گەلان.