لە ستۆکهۆڵم یادی چالاکوانی کورد بڵێسە عومەر کرایەوە

بڵێسە عومەر چالاکوانی گەنجی باشووری کوردستان لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا تەرمەکەى لە ئۆتیڵ شیراتۆنی شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید دۆزرایەوە، لەلایەن کوردستانیانەوە لە ستۆکهۆڵم مەراسیمی یادکرنەوەى بۆ رێکخرا.

بنەماڵە و هاوڕێیانی بڵێسە عومەر لە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید رۆژانی هەینی و شەممە پێشوازییان لە هاوخەمان و هاوپشتانیان کرد. ئێوارەی شەممەش بە بەشداریی کوردستانیان لە هەر چوارپارچەى کوردستانەوە چالاکییەکی بەرفراوانی بەرز راگرتنی یادی بڵێسە عومەر رێکخرا.

لە یادەکەدا وێنەی سەردەم جیاوازەکانی ژیانی بڵێسە عومەر لەسەر مێزی یادکرنەوەکە دانرا و جلوبەرگ و یونیفۆرمەکەى سەردەمی بەرخودانی کۆبانێ-یشی دانرابوو.

حەمید عەبدوڵای نوسەر بە ناوی بنەماڵەى بڵێسە عومەرەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و سپاسی بەشداربوانی کرد. دوای ئەوەش دەستکرا بە باسکردنی ژیان و تێکۆشانی بڵێسە عومەر.

شادمان و چیا لە هەڤاڵە نزیکەکانی بڵێسە عومەرن و باسی بیروەرییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا کرد.

ردڤان ئاڵتون هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سکاندیناڤیا رایگەیاند، بڵێسە عومەر گەنجێکی فرە لایەن بوو و لە تەمەنی گەنجێتیدا بەشداری کارە سیاسی و کولتورییەکان بوو.

لە چالاکیی یادکردنەوەکەدا، سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی بڵێسە عومەر لە رۆژئاوای کوردستان نمایشکرا.

حەمید عەبدوڵا دوای چالاکییەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی، لەبەر ئەوە لێکۆڵینەوەى پۆلیس لەبارەى رووداوەکە تەواو نەبووە، ناتوانن لەسەر هۆکاری گیان لەدەستدانی بڵێسە عومەر لێدوان بدەن.

ژ.ت