لە سویسراوە وەڵامی "ئیمراڵی": گۆشەگیری نامرۆڤانەیە

ئەنجوومەنی فیدراڵی سویسرا وەڵامی ڕەشنووسی پرسیارێکی دەربارەی گۆشەگیری ئیمراڵی دایەوە و دەڵێت: "گۆشەگیری مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیە و بچوککردنەوەیە، دەکرێت وەک ئەشکەنجە ببینرێت. سویسرا بەرپرسیارێتییەکانی تورکیا بیردەخاتەوە".

وەڵام بۆ پرسیاری ئیمراڵی

١٥ ی ئاداری ٢٠٢٤ بە پێشەنگایەتی ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی سویسرا لۆرێنس فالمان ڕیلە و بە واژۆی هاوبەشی ١٢ پەرلەمانتار، دەربارەی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەرپرسیارێتییەکانی سویسرا، ڕەشنووسی پرسیارێک خرایە بەردەم ئەنجوومەنی فیدراڵی سویسرا. ئەنجوومەنی فیدراڵی سویسراش وەڵامی دایەوە.

لە ڕەشنووسی پرسیارەکەدا، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی سویسراوە وەڵامدراوەتەوە، دەڵێت سویسرا وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ڕێگری لە ئەشکەنجە، لە سەرانسەری جیهاندا هەوڵ بۆ باشکردنی هەلومەرجی زیندانەکان دەدات.  

وەزارەتەکە دەڵێت، بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی، گۆشەگیری نامرۆڤانەیە و شکۆی مرۆڤ بچوک دەکاتەوە، تەنانەت دەکرێت وەک ئەشکەنجە لێی بڕوانرێت. هەروەها گوتراوە:

"سویسرا پشتگیری لە کاری کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا دەکات، تورکیا هاندەدات بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی کۆمیتەکە و بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانی.

سویسرا لە دیالۆگ لەگەڵ تورکیادا، پرسەکانی مافی مرۆڤ و یاساکان تاوتوێ دەکات. لەژێر سەرپەرشتی دامەزراوەی ئاسایشی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا، سویسرا بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەرپرسیارێتییەکانی تورکیا پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا بیردەخاتەوە.

هاوکات سویسرا بەرپرسیارێتییەکانی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بیردەخاتەوە".