لە ڤیەنا و هێلسنکی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ پیرۆز کرا

بەبۆنەی ١ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی کۆبانێ، لە ڤییەنا ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو و لە شاری هێلسنکی-یش مەراسیمێک رێکخرا و رۆژی جیهانیی کۆبانێ پیرۆزکرا.

بەبۆنەی ئازادکردنی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا و لە ئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادیی کوردستان، چەتەکانی داعش، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتگیری دەکران تێکشکێنران، بەهۆی ئەو بەرخودانە بێ هاوتایە و تێکشکاندنی چەتەکانی داعش، لەسەر  بانگهێشتی ١٠ کەس لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و فەیلسوفەکان و هەزاران کەسەوە  ١ی نۆڤەمبەر کرا بە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ. کوردستانیان و ئینتەرناسیۆنالیستەکان بۆ پیرۆزکردنی ئەو ڕۆژە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا ڕژانە سەر شەقامەکان.

هەروەها بە مەراسیمێک لە شاری هێلسینکی پایتەختی فینلاند رۆژی جیهانیی کۆبانێ پیرۆزکرا.

ڤیەنا

ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد (نەجەدەکە / NCKD) و دۆستە ئینتەرناسیۆنالیستەکانیان بەبۆنەی  ١ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی کۆبانێ لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا گردبونەوە و ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

پیرۆزباییەکە لە کارپلاتز بە گردبونەوەیەک دەستیپێکرد و بە ڕێپێوان درێژەی پێدرا.

لە پیرۆزباییەکەدا وتە پێشکەشکران و لە وتەکاندا باسی ئەوە کرا: لە کۆبانێ دژی چەتەکانی داعش، کە لە ژێر چەتری ئەردۆغاندا بوون، قوربانیی گەورە دراوە و بە بەرخودانی گەورە ڕزگارکرا و ڕاشیانگەیاند، "ئێمە ئەو ڕۆژەمان بە باشی لە بیرە، لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی گەورە بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد، کۆبانێ لە چەتەکانی داعش پاککرایەوە".

لە گردبوونەوەکەدا دروشمەکانی "بژی ژنانی ئازاد"، "بژی ڕۆژاڤا" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرانەوە. ڕێپێوانەکە بە حەماسەتێکی زۆرەوە بەردەوام بوو. دەوڵەتی تورک، کە بەرامبەر گەریلاکان چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت ئیدانە کرا. بۆ ئەوەش پەیام بۆ ئەوروپا، رێکخراوی قەدەغەى چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ نێردران تاوەکو لە دژی هێرشی چەکی کیمیایی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دەست بە جموجوڵ بکەن.

هێلسنکی

بەبۆنەی ١ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی کۆبانێ، لە شاری هێلسنکیی پایتەختی فینلاند بە هاوکاریی (نەجەدەکە / NCKD) و تۆڕی پشتیوانی کوردستان مەراسیمێک سازکرا.

چالاکوانان و کەسایەتییەکان و هاووڵاتیاین لەدەوروبەری پایتەختەوە ڕیشتبوون و بەشدارییان لە پیرۆزباییەکەدا کردبوو و هەروەها بەشداریی گەلی فین و ئەوانی دیکە لە چالاکییەکەدا ببووە هۆی سەرنجڕاکێشانی زۆر.

دوای پەیامێک، کە وتەبێژی تۆڕی پشتیوانیی کوردستان پێشکەشی کرد، لەبارەی دوێنێ و ئەمڕۆی کۆبانێ-یەوە زانیاری درا و باسی لە قارەمانەکانی یەپەژە و یەپەگە کرا.

دوای قسەکانی وتەبێژی نەجەدەکە و پەژاک، مەراسیمەکە تا درەنگانی شەو بە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ و گۆڤەند بەردەوام بوو.

هەروەها هونەرمەند ڕۆنی بە گۆرانی و مۆسیقای خۆی جۆش و خرۆشی زیاتری بە ئاهەنگی پیرۆزباییەکەدا.

ژ.ت