لە تەقینەوەیەکدا ژمارەیەک ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران و بریندار بوون

لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسێونێكی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ كێوماڵكردنی چەتەکانی داعش، بۆمبێکی چێنراویان پێدا تەقییەوە و چەکدارێک گیانیلەدەستدا.

نیوەڕۆی ئەمرۆ، لەسنوری شارەدێی ئامرلی سەر بەشارۆچکەی خورماتوو لەسنوری پارێزگای سەڵاحەدین، بۆمبێکی چینراو بەگروپی عەسائیبی ئەهلی حەقدا تەقییەوە و سێ چەکدار كوژران و برینداربوون .

عەمید حسین عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچکەی خورماتوو بە ڕۆژنیوزی وت: لەسەر دەریاچەی ئامرلی لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسێونێکدا بۆ لەناوبردنی چەتەکانی داعش، بۆمبێکی چێنراو بەئۆتۆمبێلێ گروپی عەسائیبی ئەهلی حەقدا تەقیوەتەوە .

بەوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچکەی خورماتوو  بەهۆی تەقینەوەكەوە، چەکدارێک گیانی لەدەستداوە و دوو چەکداری دیکە برینداربوون و برینی یەکێکیان سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکوک کراوە.

شەوی ڕابردوو لەگوندی هزینیەی سەر بە پارێزگای دیالە گروپێكی چەتە هەوڵیان داوە كوڕی شێخ مستەفا تەمیمی كەساییەتی دیاری ناوچەكە بڕفێنن، بەڵام پلانەكەیان سەری نەگرتووە و دواتر ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی لە نزیك ماڵی ئەو كەساییەتی كوكۆبوونەوە.

دوای كۆبوونەوەی ئەو هاوڵاتییانە بۆمبێك تەقیوەتەوە و لەئەنجامدا پێنج هاوڵاتی گیانی لەدەستدا و چوار هاوڵاتی دیكە بریندار بوون.

ف.ق