لە ئێران دژ بە قەیرانەکانی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتی دەربڕا

لەگەڵ زیادبوونی قەیرانەکان و شکستهێنانی حکومەتی تاران لە چارەسەرکردنییداندا، چەند توێژێکی ئەو وڵاتە بە گردبوونەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای ماف و باشکردنی ژیانیان کرد.

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ خانەنشینان و کرێکارانی کورد و ئێران لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و لە بەردەم پارێزگای شارەکان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بە هۆکاری گردبوونەوەکان کردووە و گوتراوە: "بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر بارودۆخی سەختی ئابووریی و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن حکوومەتی تارانەوەیە."

لە خۆپیشاندانەکە چەندین درووشم دژی حکوومەتی ئێران وترایەوە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و پێدانی مووچەکانیان كرد.