لە یەریڤان لە بارەی پەیمانی لۆزانەوە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرا

رێکخراوە کوردییەکانی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لەیادی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییان سازکرد.

رێکخراوە کوردییەکانی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لە یادی ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزان کۆبوونەوە و کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییان سازکرد.

لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا پەرلەمانتار کنیاس حەسەنۆڤ و نوسەر مرازێ جەمال قسەیان کرد.

پەرلەمانتار کنیاس حەسەنۆڤ وتی، " پەیمانی لۆزان کوردستانی کردە چوارپارچە و دابەشی کرد. وڵاتەکەمانیان داگیرکرد. بەڵام هەرچەندە پارچە پارچەشیان کردبێت، گەلی کورد هەرگیز بەرامبەر بەو ستەمە بێدەنگ نەبووە. لە قازی محەمەدەوە تا رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرخودان و سەرهەڵدانی گەلی کورد بەردەوام درێژەی هەبووە".

حەسەنۆڤ داوایەکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی باشووری کوردستان کرد و وتی، "ئێمە دەزانین دەستکەوتەکەی باشووری کوردستان سەربەخۆ نییە. هەربۆیە دەبێت بەڕێوەبەرایەتی باشووری کوردستان لەپێناو سەربەخۆبوونی گەلی کورد تێبکۆشێت، بۆ ئەوەی بە لۆزانی دووەمدا تێپەڕنەبین. ئێمە داوا لە هێزە نێونەتەوەییەکانیش دەکەین کە جارێکی دیکە لە بەرامبەر گەلی کورد ستەم نەکەن.

نوسەر مرازێ جەمالیش وتی، "پەیمانی لۆزان بۆ گەلی کورد رۆژێکی رەشە. بەهۆی پەیمانی لۆزانەوە هەزاران کۆمەڵکوژی بەسەر گەلی کورددا هاتووە. لە دێرسیم، دۆڵی زیلان تا شەنگال گەلی کورد بە کۆمەڵکوژیدا تێپەڕبووە. ئێمە داوا لە رای گشتی دەکەین کە جارێکیتر کۆمەڵکوژیمان بەسەردا نەهێننەوە. لەبەر ئەوەی ئەو پەیماننامەیە فەرمانی کۆمەڵکوژکردنی گەلی کوردە و گەلی کورد هەرگیز ئەو ستەم و بێدادییە قەبوڵ ناکات".

هـ . ب